وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەیشتووەتە پایتەختی ئەفغانستان بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک بۆ ئەو ناکۆکیـیەی نێوان لایەنە سیاسیـیەکانی ئەو وڵاتە دروستبووە لەسەر حکومڕانی وڵاتەکە.
مایک پەمپـێیۆ ئەمڕۆ دووشەممە گەیشتە کابول و لەوێ لەلایەن زەڵمای خەلیل زاد نێردراوی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان پـێشوازی لێکرا.
لە ئێستادا ناکۆکی لە نێوان ئەشرەف غەنی و عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا دروستبووە کە هەر یەکەیان خۆی بە براوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو دادەنێت، وە هەریەکەیان خۆی وەکو سەرۆکی وڵاتەکە ڕاگەیاندووە.
پەمپـێیۆ ئەمڕۆ بە جیا لەگەڵ هەردووکیان کۆبووەوە تاوەکو بە ڕێگەچارەیەکیان بگەیەنێت بۆ کۆتاییهێنان بەم ناکۆکیـیە کە مەترسی بۆ سەر پـرۆسەی ئاشتی لەگەڵ تاڵیبان دروستکردووە.
کاربەدەستێک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ژمارەیەک ڕۆژنامەوانی گوت" ئێمە لە قەیرانداین.. مەترسیـیەکە لەوەدایە ئەگەر بە زوویی ئەم قەیرانە چارەسەر نەکرێت، ئەوا ڕەنگە کاربکاتە سەر پـرۆسەی ئاشتی کە هەلێکە بۆ ئەم وڵاتە."
ئەمەریکا ساڵانە بە ملیاران دۆلار بۆ بوجەی ئەفغانستان دابیندەکات، بە تایبەتی بۆ هێزەکانی ئاسایش، بۆیە پەمپـێیۆ دەتوانێت فشاری خۆی بکات بۆ ناچارکردنی ئەو دوو سەرکردە ئەفغانیـیە لەوەی بە ڕێکەوتنێک بگەن.