Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا سەردانی ئەفغانستان دەکات


وەزیری بەرگری ئەمەریکا ئەمڕۆ هەینی بە سەردانێـکی پـێشتر ڕانەگەیەندراو گەیشتە ئەفغانستان و لەوێ لەگەڵ فەرماندە لەشکریـیەکانی ئەمەریکا و کاربەدەسـتانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

ئاشتن کارتەر بەیانی ئەمڕۆ گەیشتە فڕۆکەخانەی بەگرام کە لەوێ گەورەترین بنکەی لەشکری ئەمەریکا لەو وڵاتەی لێـیە. پاشان بەرەو کابولی پایتەخت بەڕێکەوت و لەوێ لەگەڵ ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانسـتان کۆبووەوە.

کارتەر لە میانەی کۆبوونەوەکە هەوڵی دابوو ئەفغانیـیەکان دڵنیابکاتەوە لەوەی ئەمەریکا پابەندە بە بەڵێنەکانی، ئەمەش لە کاتێـکدا هێشتا ڕوون نیـیە ستراتیژیـیەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا لە بەرامبەر ئەفغانستان چۆن دەبێت.

پاشان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ سەرۆکی ئەفغانستان، کارتەر گوتی "ئەمەریکا وابەستەیە بە بەڵێنەکانی و وابەستەشە لە بەرامبەر سەروەری و ئاسایشی ئەفغانستان."

گوتیشی" ئێمە لە پاڵ خەڵکی ئەفغانسـتاندا دەبین کە دووچاری چەندان مەترسی بووە و قوربانیـیەکی زۆری داوە."

ئەشرەف غەنی لای خۆیەوە سوپاسی کارتەر و ئەمەریکای کرد بۆ ئەو پشـتیوانیە لەشکریـیەی لە وڵاتەکەی دەکەن و هەروەها ئەو قوربانیـیانەی ئەمەریکایـیەکان بۆ ئەفغانسـتانیان داوە.

لە ئێستادا نزیکەی 10 هەزار سەربازی ئەمەریکایی لە ئەفغانستانن بۆ شەڕی دژی تاڵیبان و قاعیدە و داعش.

جێی ئاماژەیە دۆناڵد ترەمپ بە نیازە جەنەڕاڵی خانەنشین جەیمس مەتیس لە پـۆستی وەزیری بەرگری دابنێت، کە پـێشتر فەرماندەی لەشکری ئەمەریکا بوو لە ئەفغانسـتان.

جەیمس مەتیس ڕەخنەی لە بڕیاری سەرۆک ئۆباما گرتبوو لە بارەی کشانەوەی ژمارەیەکی زۆری هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە.

XS
SM
MD
LG