Accessibility links

ئەمەریکا بەڵێن دەدات پڕۆسەی پێدانی ڤیزا بەو ئەفغانیانەی یارمەتی ئەمەریکییەکانیان داوە خێرا بکات


ئەمەریکا دووبارە جەختی لە پشتیوانییەکانی کردەوە بۆ دەیان هەزاران هاوڵاتی ئەفغانی کە یارمەتی هێزەکانی ئەمەریکایان داوە لە ماوەی نزیکەی 20 ساڵی جەنگی ئەفغانستاندا.

جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جالینا پۆرتەر بە دەنگی ئەمەریکای وت " کۆمەڵێکمان دەستنیشانکردووە لەوانەی داوای ( ڤیزای تایبەتی کۆچبەرانیان ) کردووە و وەکو وەرگێر کارییان کردووە، هەروەها ئەو کەسانەشی کە یارمەتیان داوین و لە مەترسیدان. خۆیان و خێزانەکانیان دەتوانن بێنە دەرەوەی ئەفغانستان بەر لەوەی کشانەوەی سەرجەم هێزەکان لە مانگی نۆدا تەواو ببێت، بۆ ئەوەی داواکانیان بۆ وەرگرتنی ڤیزای تایبەتی کۆچبەران تەواو بکەین."

جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕەتی کردەوە ئاماژە بەو شوێنانە بدات کە بۆ ماوەیەکی کاتی ئەفغانیەکانی بۆ دەگوازرێنەوە، ئەوەش بەهۆی " هۆکاری ئەمنییەوە "، پۆرتەر وتی " ئێمە ناتوانین ژمارە و شوێن و کاتی ئەم ئەرکانە باس بکەین."

ڤیزای تایبەتی کۆچبەرانی ئەفغان ( SIV ) لە ساڵی 2009 دا لەلایەن کۆنگرێسی ئەمەریکاوە دروستکرا، مەبەست لێی پاراستنی وەرگێڕ و بەڵێندەران و کارمەندانی ئاسایش و هەموو ئەوانە بوو کە یارمەتی هێزەکانی ئەمەریکا و ئەرکەکانیان داوە.

وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی وتی " ئەمەریکا پڕۆسەی تەواوکردنی پێدانی ڤیزاکان خێراتر دەکات و هەنگاو دەنێت بۆ هەڵسەنگاندنی بژاردەی گواستنەوەی ئەفغانییەکان بۆ شوێنێکی دیکە تاوەکو پڕۆسەی ڤیزاکانیان تەواو دەبێت."

جێی ئاماژەیە نزیکەی 18,000 ئەفغانی SIVییان پڕکردۆتەوە و چاوەڕێی پەسەندکردنی دەکەن تاوەکو بێنە ئەمەریکا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG