Accessibility links

بڕیارە ئەمەریکا و تاڵیبان لە 29 ی مانگی دوو ڕێکەوتنێک واژوبکەن


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت وڵاتەکەی خۆی ئامادە دەکات بۆ واژوکردنی ڕێکەوتنێک لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیبان کە شیانی هەیە کۆتایی بە 18 ساڵی شەڕی ناو ئەفغانستان بهێنێت.

مایک پەمپـێیۆ ئەمڕۆ هەینی گوتی ئەگەر لێکتێگەیشتنەکەی نێوان ئەمەریکا و تاڵیبان سەرکەوتووبێت، ئەوا لە 29 ی مانگی دوو ڕێکەوتنەکەلە دۆحەی پایتەختی قەتەرە واژودەکەن. پاشان بە ماوەیەکی کورت دوای واژوکردنەکە دانوستاندنی نێوان تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانی دەستپـێدەکات.

تاڵیبانیش لای خۆیەوە ڕاگەیاند لایەنەکان بەر لە واژوکردنی ڕێکەوتنەکە دۆخێکی ئاسایشی گونجاو دەهێننە ئاراوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت سەرچاوەیەکی تاڵیبان لە پاکستان گوتویەتی بڕیارە لە پاش واژوکردنی ڕێکەوتنەکە لە 29 ی مانگی دوو، وتووێژی نێوان تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستان لە 10 ی مانگی سێ دەسـتپـێبکات.

جاوید فەیسەڵ گوتەبێژی ئاسایشی نشتیمانی ئەفغانستان، ئەویش گوتی کەمکردنەوەی توندوتیژیـیەکان لەم شەممەیەوە دەستپـێدەکات و هێزە ئاسایشیـیەکانی ئەفغانستانیش دەگرێتەوە.

زیاتر لە ساڵێکە ئەمەریکا لە دانوستاندندایە لەگەڵ تاڵیبان و ئەگەر ئەم ڕێکەوتنە سەربگرێت ئەوا نزیکەی نیوەی ئەو 13 هەزار سەربازەی ئەمەریکا لە ئەفغانستانن ئەو وڵاتە جێدەهێڵن.

یەنس ستۆلتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ لەم بارەیەوە گوتی ڕێکەوتنەکە ڕێگە خۆشدەکات لە بەردەم هاتنە دی ئاشتیـیەکی بەردەوام لە ئەفغانستان. مۆسکۆ بە ڕووداوێکی گرنگ لە پـێناو ئاشتی ناودێری کرد.

XS
SM
MD
LG