ئەمەریکا خەڵاتێکی 10 ملیۆن دۆلاری داناوە بۆ هەر زانیارییەک کە ببێتە هۆی ناسینەوە و ئاشکراکردنی شوێنی ڕابەری ڕێکخراوی داعشی خۆراسان سەناوڵا غەفاری، هەروەها 10 ملیۆن دۆلاری دیکەش بۆ هەر زانیارییەک کە ببێتە هۆی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بەرپرس بوون لە تەقینەوەکەی مانگی هەشتی ساڵی 2021 لە فڕۆکەخانەی کابوڵ.
ئۆفیسی خەڵات بۆ دادپەروەری سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە تویتێکدا دانانی خەڵاتەکەی ڕاگەیاندووەو دەڵێت "ڕاگەیاندنی زانیارییەکان بۆ بەرنامەی خەڵات بۆ دادپەروەری بە ڕێگای سیگناڵ، تێلگرام، واتساپ یان تۆڕە ئامۆژگارییەکانمان یارمەتیدەردەبێت بۆ ئەوەی ئەم تیرۆرستە بهێنرێتە بەردەم دادگا."
ڕێکخراوی داعشی هەرێمی خۆراسان لقێکی سەر بە ڕێکخراوی داعشە و سەرەتا لە ساڵی 2014 دا دەرکەوت. پێشتریش دژی حکومەتەکەی پێشووی ئەفغانستان شەڕی کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی لە مانگی شەشی ساڵی 2020 دا غەفاری وەکو ڕابەری ڕێکخراوی داعشی خۆراسان دەستنیشانکراوە. غەفاری کە بە ناوی شەهاب ئەلموهاجیریش ناسراوە بەرپرس بووە لە پەسەندکردنی سەرجەم ئەرکەکانی ڕێکخراوەکە لە سەرانسەری ئەفغانستاندا.
لە مانگی یانزەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا غەفاری وەکو " تیرۆریستێکی جیهانی " ناودێرکرد.
ڕۆژی هەینی سوپای ئەمەریکا وتی لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوودا لە فڕۆکەخانەی کابوڵ خۆکوژێکی ڕێکخراوی داعش لە تەقینەوەیەکدا 13 سەربازی ئەمەریکی و لانی کەم 170 هاوڵاتی ئەفغانی کوشت.
تەقینەوەکە لە 26 ی مانگی هەشتدا ڕوویدا لەکاتێکدا هێزەکانی ئەمەریکا هەوڵیاندەدا هاوڵاتیە ئەمەریکی و ئەفغانییەکان لە فڕۆکەخانەی کابوڵەوە بگوازنەوە بۆ دەرەوەی ئەفغانستان.
لە مانگی یانزەدا بەرپرسانی ئەمەریکا وتیان باوەڕییان وایە ڕێکخراوی داعشی خۆراسان لە ماوەی شەش بۆ دوانزە مانگدا پەرە بە تواناکانیان بدەن و لە دەرەوەی ئەفغانستان هێرشی تیرۆریستی ئەنجام بدەن.
بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم هەواڵە لە ئاژانسی ڕۆیتەرز وەرگیراوە