Accessibility links

بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا: داعش پێدەچێت بتوانێت لە شەش مانگدا هێرش بکاتە سەر ئەمەریکا


بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە بە کۆنگرێسی وت لیژنەی هەواڵگری ئەمەریکا خەمڵاندوویەتی ڕێکخراوی داعش لە ئەفغانستان پێدەچێت بتوانێت لە ماوەی شەش مانگدا هێرش بکاتە سەر ئەمەریکا.

لێدوانەکانی جێگری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ سیاسەت کۆڵین کال، نوێترین ئاماژەن لەسەر ئەوەی ئەفغانستان هێشتا هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا، تەنانەت دوای ئەوەی ئەمەریکا کۆتایی بە بیست ساڵ لە شەڕی ئەفغانستان هێنا.

جێی ئاماژەیە ڕێکخراوی داعش لە ئەفغانستان هەڕەشەیەکی مەترسیداری بۆ تاڵیبانیش دروست کردووە، لەمدواییانەشدا بەرپرسیارێتی تەقینەوەیەکی ڕاگەیاند کە کەمینە شیعەکانی کردبووە ئامانج، هەروەها بەرپرسیارێتی سەربڕێنی چەکدارێکی هێزەکانی تاڵیبانی ڕاگەیاند لە ڕۆژهەڵاتی شاری جەلالئاباد.

لەمیانەی گەواهیدانەکەیدا لەبەردەم لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا لە کۆنگرێس، کۆڵین کال وتی هێشتا ڕوون نیە تاڵیبان دەتوانێت بەشێوەیەکی کاریگەر ڕووبەڕووی ڕێکخراوی داعش ببێتەوە یاخود نا.

کال وتی " هەڵسەنگاندنی ئێمە ئەوەیە تاڵیبان و ڕێکخراوی داعشی خۆراسان دوژمنی سەرسەختمانن. بەڵام دەبێت دڵنیا ببینەوە لە سووربوونی تاڵیبان لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی داعشی خۆراسان."

کال ئاماژەشی بەوەدا ڕێکخراوی داعش " چەند هەزار چەکدارێکی هەیە."

وەزیری کاربەڕێکەری دەرەوەی حکومەتەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستان ئەمیر خان موتەقی وتوویەتی ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی چەکدارانی ڕێکخراوی داعش دەبینەوە، وتیشی ئەفغانستان نابێتە بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێک.

کال ئاماژەی بەوەدا ئەل قاعیدە کێشەیەکی ئاڵۆزترە، ئەوەش بەهۆی پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ تاڵیباندا. وتیشی ئەل قاعیدە پێویستی بە " ساڵێک یاخود دوو ساڵ " هەیە تاوەکو توانای ئەوەی هەبێت هێرش دژی ئەمەریکا لە دەرەوەی ئەفغانستان ئەنجام بدات.

کال وتی ئامانجەکە ئەوە بووە ڕێگە نەدرێت بە گروپەکانی وەکو داعش و ئەل قاعیدە بتوانن هێرش بکەنە سەر ئەمەریکا.

وتی " دەبێت بە ئاگا بین لە بەرپەرچدانەوەی ئەوەدا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG