بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن هەوڵەکانی بۆ هێنانە دەرەوەی ئەو ئەفغانیانەی کە هەڕەشەی تاڵیبانیان لەسەرە فراوانتر کرد، لەکاتێکدا شەڕ و پێکدادانەکان لە ئەفغانستان زیاتر دەبێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی پڕۆگرامی وەرگرتنی پەنابەرانی ئەفغانی فراوانتر دەکات تاوەکو ئەو کەسانەش بگرێتەوە کە لە ئێستا و پێشووتریشدا کارمەندی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و یارمەتیدان و گەشەپێدان و ئەو ڕێکخراوە مرۆییانەی دیکە بوون کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانی داراییان لێدەکرێت. کارمەندانی ئێستا و پێشووتری حکومەتی ئەمەریکا و ئەرکەکانی هێزەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ کە پڕۆگرامەکە نایانگرێتەوە، لە ئێستادا دەیانگرێتەوە.
بەڵام ئەم هەنگاوە کۆمەڵێک داواکاری هەیە کە پێدەچێت ژمارەی ئەو ئەفغانیانەی دەیانەوێت وڵاتەکە جێبهێڵن سنووردار بکات، لەوانەش داواکار دەبێت ئەفغانستان جێبهێڵێت و داوای مافی پەنابەرێتی لە وڵاتی سێیەم بکات تاوەکو کارەکانی تەواو دەبێت، ئەو پڕۆسەیەش لەوانەیە 12 بۆ 14 مانگ بخایەنێت، ئەمەریکاش بەنیاز نیە پشتیوانیان بکات لە جێهێشتن یاخود مانەوەیان لە وڵاتەکەدا.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن دانی بەو قورساییانەدا نا کە ڕووبەڕووی داواکارەکان دەبێتەوە، بەڵام وتی ئەمەریکا پابەندە بە گەڕان بەدوای ئەفغانستانێکی ئارام و پارێزراودا.
بلینکن بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەمە زۆر قورسە، لە زۆر ڕووەوە قورسە، قورسە خۆت کۆبکەیتەوە و ئەوەی دەیزانیت بەجێی بهێڵیت، قورسە خۆت بگەیەنیتە شوێنێک و داوای مافی پەنابەرێتی بکەیت و سوود لە هەلەکان وەربگریت، ئێمە دان بەوەدا دەنێین. ملیۆنان خەڵک لە سەرانسەری جیهاندا بەوشێوەیەن و لە بارودۆخێکی خراپدان، بەتایبەتی لە ئێستای ئەفغانستاندا."
ڕێکخراوە مرۆییەکان پێیان وایە ئەمە قورساییەکی زۆر ڕووبەڕووی ئەفغانیەکان دەکاتەوە، ڕێکخراوی ئینتەرئاکشن ڕەخنەی لە داواکارییەکان گرت و وتی " ئەمە جێی قبوڵکردن نیە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی زۆرێک لە خاڵە سنوورییە سەرەکییەکان لە ئێستادا لەژێر دەستی تاڵیباندان و دراوسێکانی تاڵیبان پێدەچێت ئەم کەسانە و خێزانەکانیان وەرنەگرن، داواکردن بۆ ئەوەی ئەفغانیەکان سەرەتا ئاوارە ببن و دواتر بتوانن داوای ڤیزا بکەن، دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو ئەفغانیانەی کە یارمەتی ئەمەریکایان داوە زیاتر بکەونە مەترسییەوە."
بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی ئەم هەنگاوە مانای ئەوەیە ئێستا هەزاران ئەفغانی و خێزانەکانیان هەلێکیان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی تا هەتایە لە ئەمەریکا بژین.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئامانجی ئەمەریکا ئەفغانستانێکی ئارام و پارێزراوە، بەڵام بەهۆی توندوتیژییەکانی تاڵیبانەوە، حکومەتی ئەمەریکا کاردەکات بۆ دابینکردنی هەلێک بۆ ئەو ئەفغانیانەی لەگەڵ ئەمەریکادا کارییان کردووە تاوەکو بتوانن لە ئەمەریکا بژین."
سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس