وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریکا رۆبه‌رت گه‌یتس ده‌ڵێت هێزه‌کانی ناتۆ به ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌مه‌ریکا له ئه‌فغانستان به‌ره‌و ڕێگای ڕاست ده‌چن بۆ ئه‌وه‌ی "گورزێکی کاریگه‌ر" له تاڵیبان بده‌ن.
گه‌یتس سێشه‌ممه له کابول ئه‌م تێبینیانه‌ی دا له کاتێکدا کۆتایی به سه‌ردانی چوار ڕۆژه‌ی بۆ هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له باشور و ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌فغانستان ده‌هێنا. ئه‌م سه‌ردانه دوا سه‌فه‌ری ئه‌و بۆ ئه‌فغانستان بوو به‌ر له‌وه‌ی له 30 ی ئه‌م مانگه ده‌ست له کاری خۆی وه‌ک وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریکا هه‌ڵگرێت.
گه‌یتس گوتی ئه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دایه ئه‌گه‌ر هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان هه‌روا به به‌رده‌وامی کاریگه‌ر بمێننه‌وه ئه‌وان ده‌توانن شێوازی شه‌ڕه‌که بگۆڕن. ئه‌و سوپاسی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکای کرد له‌به‌ر ئه‌و خزمه‌ته‌یان.
له لایه‌کی تره‌وه، سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا به‌راک ئۆباما خۆی ئاماده ده‌کات بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر ژماره و شێوازی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له ئه‌فغانستان که داندراوه له مانگی حه‌وته‌وه ده‌ست پێ بکرێت. وا بڕیاره سه‌رۆک چوارشه‌ممه، به ڕێگای کۆنفرانسی ڤیدیۆیی له‌گه‌ڵ هاوتای ئه‌فغانیـیه‌که‌ی حامد کارزای گفتوگۆ بکات.