Accessibility links

کاردانەوە جیاوازەکانی هاوڵاتیانی ئەفغانستان لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە وڵاتەکەدا


بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان لەلایەن قەندەهارەوە پێشوازی لێدەکرێت کە پێشتر شوێنی سەرەکی تاڵیبان بوو لە باشووری وڵاتەکەدا، هاوکاتیش زۆرێک نیگەرانی داهاتوویانن.

ڕۆژی شەممە ئەمەریکا بە فەڕمی دەستیکرد بە کشانەوەی 2500 سەربازەکەی کە هێشتا لە ئەفغانستان ماون، ئەمەش لە ئەرکێکدا بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆدا و وابڕیارە تاوەکو 11 ی مانگی 9 ئەمەریکا سەرجەم هێزەکانی لە ئەفغانستان بکشێنێتەوە.

پێدەچێت کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان وابکات سوپای ئەفغانستان تەنها بمێنێتەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تاڵیباندا کە زیاتر لە نیوەی ڕووبەری خاکی ئەفغانستانی لەژێر دەستدایە.

جوتیارێکی ویلایەتی قەندەهار کە پێشتر شەڕ و پێکدادانی توندی بینیوە وتی " شەڕ و پێکدادانەکانی داهاتوو لەنێوان دوو برای موسوڵماندا دەبێت ( حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان ) هیوادارین هەردوولا ئاشت ببنەوە و بگەنە چارەسەرێک بۆ خستنەوەی ئاشتی لە وڵاتەکەدا."

دوای واژۆکردنی ڕێکەوتنەکەی دەوحە لە مانگی دووی ساڵی 2020 دا کە تیایدا واشنتن و تاڵیبان ڕێکەوتن لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، تاڵیبان هێرشەکانی بۆ سەر هێزە بیانییەکان ڕاگرتووە.

بەڵام هێشتا لە هەندێک ناوچە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان چەکدارانی تاڵیبان و هێزەکانی ئەفغانستان بەردەوامە، بەتایبەتی لە ویلایەتی قەندەهار، شوێنی سەرەکی بزوتنەوەی تاڵیبان کە لەنێوان ساڵەکانی 1996 بۆ 2001 دا فەرمانڕەوایی وڵاتەکەی دەکرد.

لەگەڵ ئەوەی هەندێک پێشوازی لە کشانەوەی ئەمەریکا دەکەن لە وڵاتەکە، هەندێکی دیکە هەن پێیان وایە داهاتووی وڵاتەکەیان دوای چوونە دەرەوەی ئەمەریکییەکان ڕۆشن نابێت، هاوڵاتیەکی ناوچەی بنگوای لە قەندەهار وتی " ئێستا کاتی ئەوەیە تاڵیبان ئاگربەست ڕابگەیەنێت."

لە دوو دەیەی ڕابردوودا پێشکەوتنێک بیندراوە لەسەر ئاستی مافەکانی ئەو ئافرەتانەی کە لە ئێستادا لە کەرتی ئابووریدا کار دەکەن. بەڵام زۆرێک لە ئەفغانیەکان لەوە دەترسن تاڵیبان ئەو پێشکەوتنە لەناوببات.

لە شوێنەکانی دیکەی وڵاتەکەدا، کشانەوەی ئەمەریکیەکان نیگەرانیەکی گەورەتری لێکەوتۆتەوە، بازرگانێکی شاری هوڕاتی ڕۆژئاوا دەڵێت " پێم وایە تاڵیبان دووبارە دوای کشانەوەی ئەمەریکیەکان بەهێز دەبنەوە."

وتیشی " لە شەڕێکی نوێی ناوخۆ دەترسم و دەترسم لەوەی ناچار بین وڵاتەکە جێبهێڵین."

لە جەلالئابادیش کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەوە و ڕووبەڕووی هێرشی خوێناوی تاڵیبان و گروپە جیهادییەکانی دیکەی وەکو ڕێکخراوی داعش بۆتەوە، هەندێک نیگەرانن لە کشانەوەی ئەمەریکییەکان.

هاوڵاتیەکی جەلالئاباد دەڵێت " ئەمەریکییەکان دەبێت نەڕۆن تاوەکو ئاشتی دەکەوێتەوە لە وڵاتەکەدا، لە جەنگێکی ناکۆتا دەترسین لە وڵاتەکەدا."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG