Accessibility links

ئەمەریکا فڕۆکەوانە دەستبەسەرکراوە ئەفغانیەکان لە تاجکیستان دەگوازێتەوە


لەمیانەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستاندا لەلایەن تاڵیبانەوە، زیاتر لە 150 فڕۆکەوان و سەربازی ئەفغانی کە لەلایەن ئەمەریکاوە مەشقیان پێکراوە بە فڕۆکەکانیانەوە هەڵهاتن بۆ تاجیکستان و لەوێ دەستبەسەرکران، دووان لە فڕۆکەوانەکان وتیان ڕۆژی سێشەممە لەڕێی گەشتێکەوە کە حکومەتی ئەمەریکا دابینیکردووە ئامادەکارییان کردووە بۆ گواستنەوەیان.

پرسی فڕۆکەوانە ئەفغانیەکان، کە یەکێکیان ئافرەتێکە و لە کۆتایی ماوەی دووگیانیەکەیدایە، بووەتە جێی سەرنجی یاسادانەرانی ئەمەریکا و سەربازە خانەنشینکراوەکان.

فڕۆکەوانە ئەفغانیەکان و سەربازانی دیکە لەڕێی فڕۆکەیەکی ئەمەریکاوە لە تاجیکستان گواسترانەوە. فڕۆکەوانێک وێنەی فڕۆکەوانەکانی گرتووە کاتێک دەچنە فڕۆکەکەوە و دەڵێن فڕۆکەکە بەرەو ئیماڕات دەڕوات.

سەربازێکی خانەنشینکراوی ئەمەریکا دەیڤد هێکس کە یارمەتی گروپێکی خێرخوازی دەدات بە ناوی ئەرکی پیرۆزی بەڵێنەکانەوە کە کاردەکەن بۆ گواستنەوە و دووبارە نیشتەجێکردنەوەی ئەفغانیەکان وتی " ئەمە دڵخۆشکەرە."

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی پێشبینی کردووە ئەو کەسانەی لە تاجیکستانەوە دەگوازرێنەوە 191 کەس بن، ئەمەش زۆرترە لەو 150 فڕۆکەوانە ئەفغانیەی کە پێشتر زانراوە لە دوو شوێنی تاجیکستان بوون. بەڵام هیچ شیکردنەوەیەکی لەسەر ئەو ژمارانە نەدا.

لە کۆتایی شەڕی ئەفغانستاندا فڕۆکەوانەکان بە فڕۆکە سەربازییە پێشکەوتووەکانیانەوە گەیشتنە تاجیکستان، دواتر لەلایەن بەرپرسانی تاجیکسانەوە دەستبەسەرکران و لەو کاتەوە چاوەڕێی ئەمەریکا دەکەن بیانگوازێتەوە، هیوادارن بگوازرێنەوە بۆ وڵاتێکی دیکە و لە کۆتاییدا بۆ ئەمەریکا.

دوای ئەوەی لە مانگی هەشتدا تاڵیبان کۆنتڕۆڵی وڵاتەکەی کردەوە، فڕۆکەوانە ئەفغانیەکان کۆمەڵێک فڕۆکەی پێشکەوتووی سەربازییان برد بۆ تاجیکستان و ئۆزبەکستان.

فڕۆکەوانە ئەفغانیەکان لە تاجیکستان بە دوایین لەو گروپە سەربازییانە دادەنرێن کە لەلایەن ئەمەریکاوە مەشقیان پێکراوە و هەڵهاتوون بۆ دەرەوەی وڵاتەکە.

لە مانگی نۆدا ئەمەریکا ڕێکەوتنێکی واژۆ کرد کە تیایدا ڕێگە دەدرێت بە کۆمەڵێکی دیکەی فڕۆکەوان و سەربازە ئەفغانیەکان لە ئۆزبەکستانەوە بگوازرێنەوە بۆ ئیماڕات.

تەنانەت بەرلەوەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی ئەفغانستان بکاتەوە، ئەو فڕۆکەوانە ئەفغانیانەی کە زمانی ئینگلیزییان زانیوە و لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە مەشقیان پێکراوە، ببوونە ئامانجی سەرەکی تاڵیبان، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەمیانەی شەڕی ئەفغانستاندا زیانێکی گەورەیان بە تاڵیبان گەیاندووە، تاڵیبان شوێن کۆمەڵێک لەو فڕۆکەوانانە کەوت و کوشتیانن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG