Accessibility links

هێزەکانی ئەفغانستان و ئەمەریکا دوو سەرکردە و ژمارەیەک چەکداری تاڵیبان دەکوژن


بەرپرسانی ئەفغانی وتیان هێزەکانی ئەفغانستان بە پشتیوانی هێزەکانی ئەمەریکا دوو سەرکردەی تاڵیبانیان کوشتووە کە وەکو فەرمانڕەوای دوو هەرێمی ئەفغانستان دیاریکرابوون، ئەمەش لەکاتێکدا شەڕ و پێکدادانەکان لە ئەفغانستان دوای نەمانی دانوستانەکانی ئاشتی زیاتر بوون.

بەرپرسێکی باڵای ئاسایش لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان وتی ئامانج لە ئەرکە سەربازییەکە بەرپەرچدانەوەی پلانی هێرشێکی تاڵیبان بووە بۆ سەر هێزەکانی ئەفغانستان و وتیشی لە دوای نەمانی دانوستانەکانی ئاشتی نێوان واشنتن و تاڵیبانەوە شەڕ و پێکدادانەکان زیاتر بوون.

وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند لە ئەركێکی سەربازی پیادە و ئاسمانی هاوبەشدا لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی بکتیکا لە باشووری ئەفغانستان بەلایەنی کەمەوە 85 چەکداری تاڵیبان کوژراون.

لەلای خۆیەوە تاڵیبان کوژرانی ئەو ژمارە زۆرەی ڕەت کردەوە و وتی تەنها حەوت چەکدار کوژراون و 11 چەکداری دیکە برینداربوون، لەکاتێکدا ژمارەی کوژراوان و برینداربووان لە نێو هێزەکانی ئەفغانستاندا 20 کەسی تێپەڕاندووە.

وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵڵا موجاهید وتی " ئەوەی تر کە دەیڵێن هەمووی دوورن لە ڕاستییەوە."

بەرپرسانی ناوخۆ وتیان ڕۆژی شەممە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان تاڵیبان و هێزەکانی ئاسایش لە هەرێمی سەمنکان لە باکووری وڵاتەکە توندتر بوونەتەوە لەکاتێکدا لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە ناوچەی دەرە سەوف چوار چەکدار و مەولای نورەدین کوژراون کە تاڵیبان وەکو فەرمانڕەوی هەرێمەکە دەستنیشانی کردبوو.

بەڵام تاڵیبان کوژرانی فەرمانڕەواکەی ڕەت کردەوە و زەبیحوڵڵا موجاهید وتی " نورەدین لەژیاندا ماوە."

لە ڕووداوێکی جیادا مەلا سەید عەزیم کە تاڵیبان وەکو فەرمانڕەوای ئانار دەرەی هەرێمی فوڕا دیاریکردبوو بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی هاوبەشی نێوان هێزەکانی ئەفغانستان و هێزە بیانییەکانەوە کوژراوە.

وتەبێژی پۆلیسی هەرێمی فوڕا موحیبوڵلا موحیب وتی " سەید عەزیم و 34 چەکداری دیکە لە ئانار دەرە کوژراون."

بەرپرسانی باڵای ئاسایش لە کابوڵ ئاماژەیان بەوەدا ئەرکە سەربازییە هاوبەشەکان چەکدارانی تاڵیبان و ڕێکخراوی داعش دەکەنە ئامانج تاوەکو ڕێگەیان نەدەن هێرش بکەنە سەر هێزەکانی ئەفغانستان و هاوڵاتیانی مەدەنی.

دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بەشێوەیەکی کتوپڕ هەڵوەشاندنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی نێوان تاڵیبان و واشنتنی ڕاگەیاند، شەڕ و پێکدادانەکان لە سەرتاسەری ئەفغانستاندا زیادیان کرد.

هەفتەی ڕابردوو تاڵیبان لەڕێی تەقاندنەوەی ئوتومبێلیکی بۆمبڕێژکراوەوە چوار سەربازی هێزە تایبەتییەکانی ئەفغانستانی کوشت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG