Accessibility links

ئەمەریکا 100 ملیۆن دۆلاری دیکە وەکو یارمەتی بۆ وەڵامدانەوەی ململانێکەی سودان ڕادەگەیەنێت


بەپێی بەیاننامەیەک کە لەلایەن ڕۆیتەرزەوە بیندراوە، ڕۆژی یەکشەممە ئەمەریکا یارمەتییەک بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار بۆ وەڵامدانەوەی ململانێکەی ناو سودان ڕادەگەیەنێت، لە کاتێکدا کە واشنتن هەوڵ دەدات هانی وەڵامدانەوەیەکی نێودەوڵەتی بدات پێش ساڵیادی جەنگەکە کە دەکاتە ڕۆژی دووشەممە.

بەڕێوبەری دەزگای گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمەریکا سامانثا پاوەر لە بەیاننامەیەکدا وتی یارمەتییەکە کە سەرەتا لەلایەن ڕۆیتەرزەوە بڵاوکرایەوە، تەرخان دەکرێت بۆ دابینکردنی خۆراک و یارمەتییە ژیان ڕزگارکەرەکانی دیکە.

بڕیارە پاوەر داوا لە لایەنە ڕکابەرەکانی جەنگەکەی ناو سودان بکات چیتر کۆسپ نەخەنە بەردەم گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان و بە " نیازێکی باشەوە بەشدار بن لە گفتوگۆکاندا بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێک." ئەوەش لە پێناو ڕێگریکردن لە برسێتی و ناڵاندنی زیاتری خەڵکەکە.

پاوەر وتی " ساڵێک لەمەوبەر لەم ڕۆژەدا گەلی سودان بە خەوێکی ترسناک خەبەرییان بووەوە."

وتی " لایەنە ڕکابەرەکان گەڕەکەکانییان گۆڕی بۆ گۆڕەپانی شەڕکردن، هەزاران کەسییان کوشت و لاشەکانییان لەسەر شەقامەکان بەجێهێشت، خەڵکەکەش لە ماڵەکانییاندا گیرییان خوارد، بەبێ خۆراک و ئاو و دەرمان."

لە 15 ی مانگی چواردا جەنگ لە ناو سوداندا لە نێوان سوپای سودان و هێزی پشتیوانی کاردانەوەی خێرای نیمچە سەربازییدا هەڵگیرسا، جەنگەکەش بووەتە هۆی ڕووخانی ژێرخانی وڵاتەکە.

هەزاران هاووڵاتی سڤیل کوژراون، هەردوولاش یەکترییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ.

جەنگەکە خەڵکەکەی ڕووبەڕووی برسێتییەکی توند کردووەتەوە و گەورەترین قەیرانی ئاوارەبوونی لە جیهاندا دروست کردووە، هەروەها بووەتە هۆی کوشتاری لە نێو نەژادەکاندا و هانی توندوتیژی سێکسی داوە لە هەرێمی دارفوری ڕۆژئاوای سوداندا.

پاوەر وتی " داوا لەوانەی دیکەش دەکەین بەشدار بن لەگەڵماندا یارمەتییەکانییان بۆ گەلی سودان زیاتر بکەن و بەپەلە پشتیوانییەکان زیاد بکەن بۆ وەڵامدانەوەی سودانییەکان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG