Accessibility links

وەزیرانی بەرگری ئەمەریکا و ڕوسیا گفتوگۆ دەکەن


وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن
وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن لە پەیوەندییەکی تەلەفونی دەگمەندا لەگەڵ هاوتا ڕوسییەکەی سێرگەی شویگۆدا سەبارەت بە گفتوگۆ سیاسییەکانی داهاتووی نێوان دوو وڵاتەکە لە جنێڤ قسەیان کرد، گفتوگۆکانیش سەبارەت بە زیادبوونی هێزەکانی ڕوسیا دەبێت لەسەر سنووری ئۆکرانیا.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جۆن کیربی وتی دوو وەزیرەکە " باسیان لە کەمکردنەوەی مەترسییەکان کردووە لە نزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا." ئەمەش لەنێوەندی نیگەرانیەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوروپا سەبارەت بە ئەگەری داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە.

جێی ئاماژەیە ڕوسیا نزیکەی 100,000 سەربازی لەسەر سنووری ئۆکرانیا جێگیرکردووە، سەرەڕای ئەوەی مۆسکۆ دەڵێت پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای نیە، سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن داوای گرەنتی یاسایی کردووە لەسەر ئەوەی هاوپەیمانێتی ناتۆ بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا پەرە نەسەنێت و ڕێگە نەدرێت ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ.

ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هەڕەشەی سەپاندنی سزای قورسییان کردووە بەسەر مۆسکۆدا، ئەوەش لە حاڵەتێکدا ئەگەر ڕوسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا.

وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕوسیایان تۆمەتبارکردووە بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە هێزە جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لە شەڕیاندا دژی هێزەکانی حکومەتی وڵاتەکە، شەڕ و پێکدادانەکانیش لە ساڵی 2014 ەوە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 13,000 کەس.

ڕۆژی چوارشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی گفتوگۆ سیاسییەکانی ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو لەگەڵ ڕوسیادا هیچ چارەسەرێکی درێژخایەنی لێناکەوێتەوە لەکاتێکدا ڕوسیا " ڕووی چەکەکانی کردۆتە سەر سەری ئۆکرانیا."

وتی " دەبێت گرژییەکان کەم بکرێنەوە ئەگەر بتەوێت بەرەوپێشچوون لە گفتوگۆکاندا ببینیت."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG