Accessibility links

ئەمەریکا: دەکرێت گفتوگۆکان لەگەڵ ڕوسیا لە مانگی یەکدا ئەنجام بدرێن


یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئەوروپا کارین دۆنفڕاید و وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیبا
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئەوروپا کارین دۆنفڕاید و وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیبا

بەرپرسی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئەوروپا وتی ئەمەریکا پێی وایە گفتوگۆ دوو قۆڵیەکان لەگەڵ ڕوسیا سەبارەت بە زیادبوونی هێزەکانی ڕوسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا دەکرێت لە مانگی یەکدا دەستپێبکەن.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " ئێمە ئامادەین لەڕووی دیبلۆماتیەوە و لەڕێی کۆمەڵێک کەناڵەوە گفتوگۆ بکەین."

وتی " پێم وایە لە سەرەتای ساڵی نوێوە گفتوگۆکان سەبارەت بەو بابەتانە دەبینن، تاوەکو بزانین دەتوانین لەڕێی دیبلۆماتیەوە ناکۆکییەکانمان چارەسەر بکەین یاخود نا." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ گفتوگۆی دیبلۆماتی ستراتیژی ئەمەریکا و ڕوسیا و ئەنجومەنی هاوپەیمانێتی ناتۆ و ڕوسیا و هەروەها ڕێکخراوی ئاسایش و هاریکاریی ئەوروپا.

بلینکن جەختیشی لەوە کردەوە ئەگەر ڕوسیا دوژمنکارییەکانی دژی ئۆکرانیا زیاتر بکات ئەوا " ڕووبەڕووی دەرەنجامی گەورە " دەبێتەوە.

یاردەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئەوروپا و ئۆراسیا کارین دۆنفڕاید بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەمەریکا و ڕوسیا ڕێدەکەون لەسەر کاتێکی دیاریکراو بۆ دەستکردن بە گفتوگۆکان سەبارەت بە داواکانی ڕوسیا لە ڕۆژئاوا، یەکێک لە داواکارییەکانیش ئەوەیە هاوپەیمانێتی ناتۆ دەستبەرداری چالاکییە سەربازییەکانی بێت لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و ئۆکرانیا.

بەڵام هۆشداریشیدا و وتی " ئێمە ڕوونمان کردۆتەوە هەر گفتوگۆیەک ئەنجام بدرێت دەبێت تیایدا باس لە نیگەرانیەکانی ئێمە بکرێت سەبارەت بە کارەکانی ڕوسیا و بەتەواوەتی بە هەماهەنگی بێت لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانماندا."

دۆنفڕاید وتی " با بە ڕوونی بیڵێم، هیچ گفتوگۆیەک سەبارەت بە ئاسایشی ئەوروپا بەبێ ئەوروپا ئەنجام نادرێت."

بەپێی ڕۆژئاوا، ڕوسیا 100,000 سەربازی ڕەوانەی سنوورەکانی بە سنووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 دا بەشێوەیەکی تاکلایەنانە نیمچە دورگەی کرێمیای ئۆکرانیای لەخۆگرت.

ئەمەریکا نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی پێدەچێت ڕوسیا لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا ئۆکرانیا داگیربکات، بەڵام پێی وایە هێشتا پوتن بڕیاری نەداوە لەسەر ئەوەی هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا یاخود نا.

دوو هەفتە لەمەوبەر سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەمیانەی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەدا لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن هۆشداریدایە پوتن لەسەر ئەوەی ئەگەر ڕوسیا ئۆکرانیا داگیر بکات ئەوا ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی سزای ئابووری ڕووخێنەر دەسەپێنن بەسەر ڕوسیادا.

بەڵام بایدن جەختی لەوەش کردۆتەوە ڕەوانەکردنی هێزی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا بژاردەیەک نیە، لەحاڵەتێکدا ئەگەر ڕوسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا، بەڵام واشنتن چەکی بچووک و تەقەمەنی ڕەوانەی حکومەتەکەی ئۆکرانیا کردووە، هەروەها موشەکی جاڤلینیشی داوە بە ئۆکرانیا و دەڵێت ئۆکرانیا دەبێت تەنها بۆ بەرگریکردن لە خۆی بەکاریبهێنێت.

لەمیانەی وتارێکیدا بۆ ڕابەرانی باڵای سەربازیی ڕوسیا، سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن بەرپرسیارێتی " زیادبوونی گرژییەکانی لە ئەوروپا " خستە ئەستۆی ڕۆژئاوا.

پوتن لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا " ئەگەر ئەمەریکا و ناتۆ سیستمی موشەکی لە ئۆکرانیا دابنێن ئەوا چەند خولەکێکیان دەوێت بگەنە مۆسکۆ. بۆ ئێمە ئەمە گەورەترین مەترسییە، مەترسییە بۆ سەر ئاسایشمان."

وتیشی " ئەوەی ئێستا ڕوودەدات، زیادبوونی گرژییەکان لە ئەوروپا، لە سەرەتاوە هەڵەی ئەمەریکا و ناتۆ بووە." بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا کە ڕوسیا خۆی لە ساڵی 2014 دا گرژییەکانی لەڕێی لەخۆگرتنی دورگەی کرێمیای ئۆکرانیاوە دروست کرد.

پوتن وتی " مۆسکۆ ناچار کراوە لە سەرجەم قۆناغەکاندا وەڵام بداتەوە، ڕەوشەکە هەر خراپتر دەبوو، ئێستا لەم بارودۆخەداین، لە بارودۆخێکداین ناچارین دەبێت هەرچۆنێک بێت چارەسەری بکەین."

پوتن وتی مۆسکۆ " هیودارە گفتوگۆیەکی بونیادنەرانە و مانادار ئەنجام بدات کە ئەنجامێکی دیاری هەبێت، لە ماوەیەکی دیاریکراویشدا. ئەوەش دەبێتە هۆی ئاسایشێکی یەکسان بۆ هەمووان."

وتیشی " شەڕکردن و خوێنڕشتن بژاردەی ئێمە نیە، ناشمانەوێت ڕەوشەکە پەرە بۆ ئەوانە بسەنێت، دەمانەوێت لەڕێی ئامڕازی سیاسی و دیبلۆماتیەوە کێشەکان چارەسەر بکەین."

ڕوسیا لە داواکانیدا بۆ ڕۆژئاوا داوایکردووە ڕێگە نەدرێت ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ و ڕەوانەکردنی هێزە سەربازییەکانی ناتۆ بۆ ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بوەستێنرێت.

پوتن دەڵێت ڕوسیا " گرەنتیەکی یاسایی و درێژخایەنی " لە ڕۆژئاوا دەوێت، نەک لێدوان و قسەکردن چونکە " قسەکردن جێی متمانەپێکردن نیە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG