Accessibility links

ئەمەریکا و مەکسیک و وڵاتانی ناوچەکە هەماهەنگی دەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قاچاخچیەکان


باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە مەکسیک ڕایگەیاند ئەمەریکا و مەکسیک و کۆمەڵێک وڵاتانی دیکەی ناوچەکە هەماهەنگی دەکەن بۆ دەستبەسەراگرتنی تۆڕی قاچاخچییەکان کە بەرپرسن لەو ڕووداوە کوشندەیەی کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی دەیان کۆچبەر.

باڵیۆزخانەکە پێکهێنانی گروپێکی کاری ڕاگەیاند کە ئەرکەکەیان لێکۆڵینەوە و ناسینەوە و دەستبەسەرکردنی ئەو قاچاخچییانەیە کە دەستیان هەبووە لە دابینکردنی ئەو بارهەڵگرەکەدا کە 160 کەسی تێکراوە و ڕۆژی پێنجشەممە لە ویلایەتی چیاپاسی باشووری مەکسیک وەرگەڕا، بەهۆیەوە لانی کەم 55 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا و زۆرینەی قوربانیەکان خەڵکی گواتیمالا بوون، دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.

باڵیۆزخانەکە وتی ئەمەریکا و مەکسیک و گواتیمالا و ئیکوادۆر و هوندۆراس و نیکاراگوا و کۆماری دۆمێنیکان پشتیوانی لە هەوڵەکان دەکەن، ئەوەش لەڕێی هەماهەنگیکردن لەنێوان سەرجەم وڵاتانی ناوچەکەدا.

باڵیۆزخانەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئێمە هەمان بەرپرسیارێتیمان هەیە بۆ جێبەجێکردنی کێشی یاسا دژی ئەوانەی بەرپرسن، لەگەڵ ئەوەشدا هەماهەنگیکردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و قاچاخچێتی بە هەموو شێوازەکانیەوە."

لەم ساڵانەی ڕابردوودا هەزاران کۆچبەر لە ئەمەریکای ناوەندەوە لەدەست هەژاری و توندوتیژی هەڵهاتوون بۆ مەکسیک، بەهیوای ئەوەی لەڕێی مەکسیکەوە بگەنە ئەمەریکا. زۆرجار ڕووبەڕووی باردۆخێکی زۆر سەخت دەبنەوە، لەوانەش گواستنەوەیان لە بارهەڵگرەکاندا کە پڕکراون لە کۆچبەر و لەلایەن قاچاخچییەکانەوە دابینکراوە و لە بارودۆخێکی زۆر مەترسیداردا گەشت دەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG