Accessibility links

واشنتن هۆشیاری دەداتە هاوڵاتیانی کوبا و هایتی لەسەر ئەوەی هەوڵ نەدەن هەڵبێن بۆ ئەمەریکا


وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا ئالیخاندرۆ مایۆرکاس
وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا ئالیخاندرۆ مایۆرکاس

واشنتن هۆشیاریدایە هاوڵاتیانی هایتی و کوبا لەسەر ئەوەی هەوڵ نەدەن هەڵبێن بۆ ئەمەریکا، لە کاتێکدا ئەو دوو وڵاتە ڕووبەڕووی قەیرانی ناوخۆیی بوونەتەوە، وتیشی گەشتەکە مەترسیدار دەبێت و دەگەڕێندرێنەوە.

وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا ئالیخاندرۆ مایۆرکاس وتی " هەرگیز هیچ کاتێک گونجاو نیە لەڕێی دەریاوە هەوڵی کۆچکردن بدەیت. ئەوە ناهێنێت ئەو سەرکێشیە بکەیت."

وتی " ڕێگەم بدەن بەڕوونی بیڵێم، ئەگەر بە دەریادا بێیت، نایەیتە ئەمەریکاوە."

ئەم لێدوانەی مایۆرکاس لەکاتێکدایە لە هەریەک لە هایتی و کوبا خۆپیشاندانی گەورە بەڕێوەدەچێت و لە قەیرانێکی سیاسیی ئاڵۆزدان.

هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی هایتی جۆڤینێڵ مۆیس کوژرا، ئەوەش بووە هۆی شڵەژانی سەرکردایەتی وڵاتەکە. لەلایەکی دیکەشەوە لە کوبا خۆپیشاندانێکی بێپێشینە بەڕێوەدەچێت لەسەر خراپی باری ئابووری و کۆمەڵایەتی خەڵکەکە.

مایۆرکاس وتی هێشتا هیچ بەڵگەیەک نیە لەسەر زیادبوونی هەوڵەکان بۆ پەڕینەوە لەڕێی بەلەمەوە لەو دوو وڵاتەوە بۆ ئەمەریکا، کە هەردووکیان دەکەونە باشووری ویلایەتی فلۆریداوە.

بەڵام وتی پاسەوانانی کەناراوەکان چاودێری دەریا دەکەن و ئەگەر هەر کەشتیەکی کۆچبەرانیش هەبێت ئەوا فڕۆکەکان دەیبینن.

وتیشی " هەر کۆچبەرێک لە دەریادا بگیرێت، خەڵکی هەر کوێ بێت، ڕێگەی پێنادرێت بێتە ئەمەریکاوە."

ئەوەشی خستەڕوو گەشتکردن بە تەنگەکانی فلۆریدادا بەتایبەتی لەم وەرزی زریانەدا مەترسیدارە، ئاماژەشی بەوەدا لەم هەفتانەی دواییدا 20 کەس لە هەوڵیاندا بۆ گەیشتن بە ئەمەریکا لەو ئاوەدا گیانیان لەدەستداوە.

جێی ئاماژەیە ئەمەریکا بەردەوامە لە یارمەتیدانی لێکۆڵینەوەکانی هایتی سەبارەت بە کوژرانی سەرۆکی وڵاتەکە.

مایۆرکاس لەوبارەیەوە وتی " ئێمە پابەندین بە پشتیوانیکردن لە حکومەتی هایتی، لەکاتێکدا دەیانەوێت دادپەروەری لەم دۆسییەیەدا بەرقەرار بکەن، هەروەها جەخت لەوە دەکەینەوە ئەمەریکا پشتیوانی لە خەڵکی هایتی دەکات."

سەبارەت بە کوباش وتی " هەروەها هاوسۆزی خۆمان دەردەبڕین بۆ خەڵکی کوبا و داواکانیان بۆ ئازادبوون لە سەرکوتکردن و خراپی باری ئابووری کە دەسەڵاتدارانی کوبا بوونەتە هۆکاری."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG