ئەمەریکا دەڵێت یاساکانی دژ بە " توندڕەوی " لە ڕوسیا دەرفەتێکی دادپەروەرانەیان نەدا بە حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس وتی " حکومەتی ڕوسیا لەڕێی بەکارهێنانی یاساکانی دژ بە ( ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان ) و ( بەکرێگیراوە بیانیەکان ) و ( ڕێکخراوە نەخوازراوەکان ) ەوە بە توندی ڕێگەیگرت لە ڕەنگاوڕەنگی سیاسیی و ڕێگەی نەدا گەلی ڕوسیا مافە سیاسی و مەدەنیەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن."
پڕایس وتی " لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە دان بە هەڵبژاردنەکاندا نانێین کە لەسەر خاکی ئۆکرانیا بەڕێوەدەچن و دووبارە پشتیوانی نەگۆڕی خۆمان بۆ سەروەری خاکی ئۆکرانیا دووپات دەکەینەوە."
حیزبەکەی سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن سەرکەوتنی خۆی لە هەڵبژاردنەکاندا ڕاگەیاند، لەکاتێکدا زۆرێک لەو سیاسەتمەدارانەی کە پشتیوانی لە ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی زیندانیکراوی ڕوسیا ئالێکسی ناڤاڵنی دەکەن، ڕێگەیان پێنەدرا خۆیان کاندید بکەن و لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکەن.
لەلایەکی دیکەوە بەڕیتانیا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ڕوسیا وتی ڕێگە نەدان بە سیاسەتمەدارەکانی ئۆپۆزسیۆن و تۆقاندنی دەنگدەران، لەگەڵ بەرپرسیارێتیە نێودەوڵەتیەکانی ڕوسیادا بۆ هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە یەک ناگرنەوە.
ئۆفیسی وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەو ڕێوشوێنانەی بەرپرسانی ڕوسیا گرتوویانەتەبەر بۆ پەراوێزخستنی کۆمەڵگەی مەدەنی و بێدەنگ کردنی میدیای سەربەخۆ و ڕێگەگرتن لە کاندیدەکانی ئۆپۆزسیۆن لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا، ڕەنگاوڕەنگی سیاسیی دەخاتە مەترسییەوە و لەگەڵ بەرپرسیارێتیە نێودەوڵەتیەکانی ڕوسیادا یەک ناگرێتەوە."
لەناو ڕوسیادا زۆرێک لە کاندیدەکانی حیزبەکانی دژ بە حیزبەکەی پوتن ( ڕوسیای یەکگرتوو ) وتیان هەڵبژاردنەکان ساختەکارییان تێدا کراوە. لە لانی کەم 15 ناوچەدا، کاندیدەکانی ئۆپۆزسیۆن لە سەرەتادا لە پێشەوە بوون بەڵام کاتێک دەنگە ئەلیکترۆنیەکان ژمێردران، سەرجەمیان شکستیان هێنا.
کاندیدی کۆمەنیستەکان میخائیل لۆبانۆڤ وتی " دەزانم ئەو جۆرە ئەنجامە ڕێی تێناچێت." هەروەها داوای لە خەڵکەکە کرد کۆببنەوە و تاوتوێی " هەنگاوی دواتر " بکەن.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا