سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە لەگەڵ ڕابەرانی ئەوروپادا کۆبۆوە و باسیان لە مەترسی و هەڕەشەکانی ئەگەری داگیرکردنی ئۆکرانیا کرد لەلایەن ڕووسیاوە .
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دوابەدوای پەیوەندییە ڤیدیۆییەکەی لەگەڵ ڕابەرانی ئەوروپا و یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانێتی ناتۆدا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " کۆبوونەوەیەکی زۆر زۆر زۆر باشمان ئەنجامدا، بەتەواوەتی یەکگرتووین لەگەڵ سەرجەم ڕابەرانی ئەوروپادا."
ئۆفیسی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن لە بەیاننامەیەکدا وتی " ڕابەران هاوڕابوون لەسەر گرنگیی یەکگرتوویی دژی زیادبوونی دوژمنکارییەکانی ڕووسیا."
سەرۆک بایدن تاوەکو ئێستا بڕیاری نەداوە هێز و کەلوپەلە سەربازییەکانی ئەمەریکا ڕەوانەی نزیکی ڕووسیا بکات یاخود نا. بەڵام وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی پێش کۆبوونەوەکە وتی ئەمەریکا " هەمیشە وتوویەتی پشتیوانی هاوپەیمانەکانمان دەکەین لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا."
وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن 8500 سەربازیی ئەمەریکی " لە حاڵەتی ئامادەباشیدا داناوە " و چاوەڕێن ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بکرێن، هەروەها ئەگەر ڕووسیا ئۆکرانیا داگیربکات ئەوا پێدەچێت زۆرینەی ئەو سەربازە ئەمەریکیانە بچنەپاڵ وەڵامدانەوەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆوە.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جۆن کیربی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ڕوون و ئاشکرایە ڕووسییەکان ئێستا نیازییان نیە گرژییەکان کەم بکەنەوە، ئەمەش لەپێناو ئەوەدایە دڵنیایی بدەین بە هاوپەیمانانمان لە ناتۆ."
وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆی بە تۆمەتی زیادکردنی گرژییەکان تۆمەتبارکرد.
دوابەدوای کۆبوونەوەکە، کۆشکی سپی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا وتی " ڕابەران تاوتوێی هەوڵە هاوبەشەکانیشیان کردووە بۆ بەربەست دانان لەبەردەم دوژمنکاری زیاتری ڕووسیا دژی ئۆکرانیا، لەوانەش خۆ ئامادەکردن بۆ سەپاندنی سزایەکی گەورە و دەرەنجامێکی توندی ئابووری بەسەر ڕووسیادا، هەروەها پتەوکردنی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا