Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا سەردانەکەی بۆ سعودیە دوادەخات


وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن
وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند وەزیری بەرگری وڵاتەکە لوەید ئۆستن کە لە ئێستادا سەردانی وڵاتانی کەنداو دەکات، سەردانەکەی بۆ سعودیە بۆ کاتێکی نادیار دواخستووە. هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ " هەبوونی کێشە لە خشتەی کارەکانیدا."

بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " بەهۆی بوونی کێشەوە لە خشتەی کارەکاندا، گەشتەکەی وەزیری بەرگری بۆ سعودیە دواخراوە، بە پەرۆشەوەیە بەزووترین کات بتوانێت سەردانی ئەو وڵاتە بکات."

لە ماوەی ڕابردوودا لەم هەفتەیەدا ئۆستن گەشتەکەی بۆ ناوچەی کەنداو دەستپێکرد، هەفتەیەک دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان.

سەرەتا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکندا سەردانی دەوحەی پایتەختی قەتەڕی کرد و لەوێ سەردانی بنکەی سەرەکی ئەمەریکایان کرد بۆ ئەو هاوڵاتیە ئەفغانیانەی کە لە کابوڵەوە گواسترانەوە.

ڕۆژی چوارشەممەش ئۆستن سەردانی کوەیتی کرد و لەگەڵ ڕابەرانی ئەو وڵاتەدا کۆبۆوە و سوپاسی کردن لەسەر پشتیوانیە " گرنگەکانیان " لە گواستنەوەی هاوڵاتیان لە ئەفغانستان.

وابڕیارە ئۆستن سەردانی بەحرەینیش بکات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG