Accessibility links

ئەمەریکا دەست دەکات بە مەشقی ساڵانەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ئەفریقا


ڕۆژی یەکشەممە ئەمەریکا لە کواتیڤوار دەستیکرد بە پڕۆگرامی ساڵانەی مەشقەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ هێزە ئەفریقییەکان، ئەمەش لەکاتێکدایە چەکدارە ئیسلامییەکان ناوچەی بەرفراوانییان لە وڵاتانی ئەفریقا کۆنتڕۆڵکردووە و کودەتاکان زیاتر بوون و هێزەکانی فەڕەنساش کەم بوونەتەوە.

پڕۆگرامی مەشقەکە کە بە فلینتڵۆک ناسراوە، زیاتر لە 400 سەربازی سەرانسەری ڕۆژئاوای ئەفریقا پێکەوە کۆدەکاتەوە و پەرە بە توانا سەربازییەکانیان دەدات، کە هەندێکیان بەردەوام لەژێر هێرشی گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئەل قاعیدە و ڕێکخراوی داعشدان.

ئەو وڵاتە ئەفریقییانەی کە هێزەکانیان بەشداری لە مەشقەکاندا ناکەن هەریەک لە گینیا و مالی و بورکینا فاسۆن، کە لە ساڵی 2020 ەوە تاوەکو ئێستا کودەتای سەربازیی لەو وڵاتانەدا ئەنجامدراوە و ئەنجومەنە سەربازییەکانیان دەسەڵاتیان گرتۆتەدەست. هەریەک لە مالی و بورکینا فاسۆ ڕووبەڕووی هێرشی توندی توندڕەوە ئیسلامییەکان بوونەتەوە.

ناوەڕۆکی مەشقەکانی ئەم ساڵ هەماهەنگیکردنی نێوان ئەو هێزە جیاوازانە دەبێت کە هەمان دوژمنییان هەیە.

فەرماندەی سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا لە ئەفریقا ئادمیڕاڵ جەیمی ساندس وتی " ئەرکی سەرەکی لە فلینتڵۆکدا گۆڕینەوەی زانیاری دەبێت. ئەگەر نەتوانین پەیوەندیی بە یەکەوە بکەین، ئەوا ناتوانین پێکەوە کاربکەین."

چەکدارە ئیسلامییەکان خاکێکی زۆری ناوچەی ساحیلییان کۆنتڕۆڵکردووە، لە ساڵی 2015 ەوە نایجەر و مالی و بورکینا فاسۆ ڕووبەڕووی هێرشی توند و کوشندە بوونەتەوە کە بوونەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە 2 ملیۆن کەسی دیکە. شارەزایان ئاسایش دەڵێن چەکدارەکان دزەیان کردۆتە وڵاتانی سەر کەناراوەکانیشەوە، لەوانەش بێنین و کواتیڤوار.

لە ساڵی 2013 ەوە فەڕەنسا ڕابەرایەتی هاوپەیمانێتیەکی کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە چەکدارییەکان لە مالی، بەڵام لەناوخۆی وڵاتەکەدا ناڕەزاییەکان سەبارەت بە بوونی هێزەکانی فەڕەنسا لە مالی زیاتر بوون. هەفتەی ڕابردوو فەڕەنسا ڕایگەیاند مالی جێدەهێڵێت و دەچێت بۆ نایجەر.

دیبلۆماتکاران لەوە دەترسن کشانەوەی 2400 سەربازەکەی فەڕەنسا لە مالی، کە ناوەندی توندوتیژییەکانە، ناوچەکە ناسەقامگیرتر بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز




XS
SM
MD
LG