Accessibility links

ئەمەریکا نیگەرانە سەبارەت بە خراپبوونی قەیرانی مرۆیی لە ئەفغانستان


بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی " ئەمەریکا زۆر نیگەرانە سەبارەت بە خراپبوونی قەیرانی مرۆیی لە ئەفغانستان." ئاماژەشی بەوەدا وڵاتەکە بەر لە کۆنتڕۆڵکردنەوەکەی تاڵیبانش لە مانگی هەشتدا قەیرانی مرۆیی هەر تێدا بووە.

هەفتەی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی تاڵیبان ئەمیر خان موتەقی نامەیەکی کراوەی ئاڕاستەی کۆنگرێسی ئەمەریکا کرد و تیایدا هۆشداریدا لەسەر ئەوەی ئەگەر ئەمەریکا 9 ملیار دۆلارە سڕکراوەکەی بانکی ناوەندی ئەفغانستان نەگەڕێنێتەوە و کۆتایی بە سزا ئابوورییەکانی سەر وڵاتەکە نەهێنێت، ئەوا لێشاوی کۆچبەران لە ئەفغانستانەوە بەڕێوەیە.

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان تۆماس وێست لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا وتی " بەداخەوە، تەنانەت پێش ئەو گۆڕانکارییەی کە ڕوویدا لە ناوەڕاستی مانگی هەشتدا، ئەفغانستان هەر بەدەست قەیرانە مرۆییەکانەوە ناڵاندوویەتی. هۆکاری ئەوەشی کە خراپتر بووە پەیوەندیی بە نەمانی یارمەتیە نێودەوڵەتیەکانەوە هەیە، کە لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا ئابووری ئەفغانستان بەشێوەیەکی بەرچاو پشتی بەو یارمەتیانە بەستبوو."

وتی " ڕوونمان کردەوە ئەگەر ئەوان ( تاڵیبان ) ڕێگەی سەربازیی هەڵبژێرن بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، ئەوا یارمەتیەکان نامێنن، ئەوەش ڕوویدا."

لە ماوەی ڕابردوودا و لەم مانگەدا وێست بەشداری لە کۆبوونەوەی ترۆیکا پڵەسدا کرد کە هەریەک لە پاکستان و ڕوسیا و چین و ئەمەریکا لە خۆدەگرێت و تاوتوێی ڕەوشی ئەفغانستانیان کرد.

کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەگەر وڵاتانی ترۆیکا پڵەس بە فەڕمی دان بنێن بە تاڵیباندا، ئەمەریکاش دانی پێدادەنێت؟ وێست لە وەڵامدا وتی " هیچ جوڵەیەک بە دیاریکراوی لە ڕوسیا و چینەوە نابینم بۆ دانپێدانان بە تاڵیباندا، پێم وایە پاکستانیەکان چالاکترن لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاڵیباندا، بۆ وەڵامی پرسیارەکەت، نەخێر."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG