Accessibility links

کۆشکی سپی بەڵێن دەدات هاوڵاتیە ئەمەریکیەکانی ناو ئەفغانستان بهێنێتە دەرەوە


ڕۆن کلەین
ڕۆن کلەین

بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی بەڵێنیدا ئەمەریکا ڕێگەیەک دەدۆزێتەوە بۆ گواستنەوەی ئەو هاوڵاتیە ئەمەریکیانەی کە هێشتا لە ئەفغانستان ماونەتەوە، ئەگەر بیانەوێت ئەو وڵاتە جێبهێڵن. بەڵام یاسادانەرێکی باڵای کۆمارییەکان لە لیژنەی کاروباری دەرەوە وتی تاڵیبان ڕێڕەوە ئاسانەکەی دەرەوەی فڕۆکەخانەی کابوڵی گرتووە.

سەرۆکی ستافی کۆشکی سپی ڕۆن کلەین بە سی ئێن ئێنی وت ئەمەریکا باوەڕی وایە " نزیکەی 100 " هاوڵاتی ئەمەریکی هێشتا لە ئەفغانستان مابێتنەوە، ئەوەش نزیکەی هەفتەیەک دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە کشانەوە.

کلەین وتی " ڕێگەیەک دەدۆزینەوە بۆ هێنانە دەرەوەیان ئەگەر بیانەوێت ئەوێ جێبهێڵن." پێدەچێت لەڕێی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانەوە بێت لە کابوڵەوە بۆ قەتەڕ. وتیشی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ یارمەتیدانی ئەو ئەفغانیانەی یارمەتی هێزەکانی ئەمەریکایان داوە وڵاتەکە جێبهێڵن و لەژێر فەرمانڕەوایی تاڵیباندا نەژین.

بەڵام یاسادانەری باڵای کۆمارییەکان مایکڵ مککاوڵ لە لیژنەی کاروباری دەرەوەی کۆنگرێسی ئەمەریکا بە فۆکس نیوزی وت بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا " سەدان هاوڵاتی ئەمەریکی " بەجێهێڵدراون لەکاتێکدا دوایین هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی ڕابردوودا لەو وڵاتە کشانەوە. وتیشی لەو کاتەوە هیچ هاوڵاتیەکی ئەمەریکی لە ئەفغانستان نەهاتۆتە دەرەوە.

وتی " تاڵیبان داواکاری هەیە نەک ڕێگە بە فڕۆکەکان بدات بڕۆن."

وتی " تاڵیبان شتێکی دەوێت لە بەرامبەردا." دەیەوێت ئەمەریکا بەتەواوەتی دان بنێت بەوەدا کە حکومەتی ئەفغانستان لەژێر کۆنتڕۆڵی تاڵیباندایە.

وتیشی هەندێک لەو وەرگێڕە ئەفغانیانەی کە یارمەتی هێزەکانی ئەمەریکایان داوە و ویستوویانە وڵاتی خۆیان جێبهێڵن، لەلایەن تاڵیبانەوە لە فڕۆکەخانەی کابوڵەوە گەڕێندراونەتەوە و ناچار کراون بگەڕێنەوە ماڵەکانیان تاوەکو بە چاوی خۆیان ببینن کاتێک خێزانەکانیان دەکوژرێن، هەندێک لەوانە سەریان بڕاوە و دواتر وەرگێڕەکانیشیان کوشتووە. بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا چەندێکیان لەلایەن تاڵیبانەوە کوژراون.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG