Accessibility links

ئەمەریکا بڕی 144 ملیۆن دۆلار یارمەتی مرۆیی بۆ ئەفغانستان تەرخان دەکات


ئەمەریکا ڕایگەیاند نزیکەی 144 ملیۆن دۆلار وەکو یارمەتی مرۆیی بۆ ئەفغانستان تەرخان دەکات، لەکاتێکدا ملیۆنان کەس لەو وڵاتەدا بەرەو برسێتی دەچن ئەگەر هاتوو یارمەتیە مرۆییەکان بەمزووانە نەگەنە دەستیان.

وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا ئێملی هۆڕن لە بەیاننامەیەکدا وتی یارمەتیەکانی ئەمەریکا لەڕێی ئەو ڕێکخراوە سەربەخۆیانەوە دابەش دەکرێت کە ڕاستەوخۆ پشتیوانی زیاتر لە 18.4 ملیۆن ئەفغانی دەکەن، بەو ئەفغانیانەشەوە کە ئاوارەی وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان بوون.

ئاماژەی بەوەدا بەم یارمەتیەوە کۆی یارمەتیە مرۆییەکانی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان و پەنابەرە ئەفغانیەکان لە ناوچەکەدا دەگاتە 474 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2021 دا، ئەمەش لە سەرجەم یارمەتیە مرۆییەکانی وڵاتانی دیکە بۆ ئەفغانستان زیاترە.

لەم هەفتەدا ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەیان بەوەدا پێویستیەکان بۆ یارمەتیە مرۆییەکان بەشێوەیەکی بێپێشینە زیادییکردووە، هەروەها 22.8 ملیۆن هاوڵاتی ئەفغانی، کە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانەکەی دەکات، لە مانگی یانزەوە ڕووبەڕووی " کەمبوونەوەی بەرچاوی خۆراک دەبنەوە."

وتیشیان لەنێو ئەو ژمارەیەدا کە ڕووبەڕووی ئەو مەترسییە بوونەتەوە، 3.2 ملیۆن منداڵی خوار تەمەن 5 ساڵیان تێدایە کە پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەم ساڵدا توشی بەدخۆراکی ببن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG