Accessibility links

ئەمەریکا بەنیازە ڕێوشوێنی نوێ دژی ئەنجومەنی سەربازیی میانمار بگرێتەبەر


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی ئەمەریکا بەنیازە ڕێوشوێنی نوێ بۆ فشار خستنەسەر ئەنجومەنی سەربازیی میانمار بگرێتەبەر، ئەوەش بەمەبەستی " گەڕاندنەوەی ئەو وڵاتە بۆ ئاڕاستە دیموکراسییەکەی."

دوای ئەوەی لە مانگی دوودا حکومەتە مەدەنیەکەی ئۆنگ سان سو کی لەلایەن سوپای میانمارە دوورخرایەوە، بارودۆخی وڵاتەکە خراپتر بووە.

ئەمەریکا کۆمەڵێک سزای بەسەر میانماردا سەپاندووە، هەروەها کۆمەڵەی وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیاش نەخشەڕێگای ئاشتی کێشاوە، بەڵام گومانێکی جددی هەیە لە پابەندبوونی ئەنجومەنی سەربازیی میانمار.

بلینکن لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ مالیزیا کە یەکێکە لەو وڵاتانەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا کە بە توندی ڕەخنەی لە کودەتا سەربازییەکەی میانمار گرتووە، وتی " ڕەوشی میانمار باش نەبووە."

بلینکن وتی " پێم وایە لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا زۆر گرنگ دەبێت تاوتوێی ئەو ڕێوشوێن و هەنگاوانە بکەین کە دەکرێت بیگرینەبەر، وەکو تاک و بە کۆمەڵیش، لەپێناو فشار خستنەسەر ڕژێمەکەدا تاوەکو وڵاتەکە بگەڕێنێتەوە سەر ئاڕاستە دیموکراسییەکەی."

وتی " ئەمە شتێکە کە بیری لێدەکەینەوە." بەڵام ئاماژەی بە ڕێوشوێنەکان نەدا.

کودەتا سەربازییەکەی میانمار بووە هۆی کەوتنەوەی خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا، بەڵام ئەنجومەنی سەربازیی میانمار بە هەڵمەتێکی دڕندانەی سەرکوتکاری وەڵامی خۆپیشاندانەکانی دایەوە، بەپێکی گروپێکی چاودێری ناوخۆیی، بەهۆی ئەو هەڵمەتەوە دژی خۆپیشاندانەکان زیاتر لە 1,300 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسیش دەستگیرکراون.

بلینکن ئاماژەشی بەوەدا ئەمەریکا " زۆر چالاکانە " تاوتوێی ئەوە دەکات کە ئایا چۆنێتی مامەڵەکردنی میانمار دژی کەمینە موسوڵمانەکانی ڕۆهینجیا " لەناوبردنێکی بە کۆمەڵی ڕێکخراوە " یاخود نا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG