Accessibility links

دەزگایەکی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای ئاگرکەوتنەوەیەک بارەگاکەی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم دادەخات


دەزگای سەرەکی یارمەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ فەلەستینییەکان بارەگاکەی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم داخست، دەزگاکە دەڵێت داخستنی بارەگاکە دوای ئەوە دێت نیشتەجێیە ئیسڕائیلییەکان ئاگرییان بەرداوەتە دەوروبەری قەراغی بارەگاکە.

بەرپرسی دەزگای ئونروا فیلیپ لازارینی لە ئێکس نوسیویەتی بڕیاریداوە بارەگاکە دابخات تاوەکو ئەو کاتەی ئاسایشی بارەگاکە ئاسایی دەبێتەوە. وتی ڕووداوەکەی ڕۆژی پێنجشەممە دووەم ڕووداو بووە لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا.

وتی " ئەمە پەرەسەندنێکی بێزارەکەرە. جارێکی دیکە ژیانی کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان کەوتە ژێر هەڕەشەیەکی مەترسیدارەوە."

وتی " ئەوە بەرپرسیارێتی دەوڵەتی ئیسڕائیلە وەکو هێزێکی داگیرکار تاوەکو دڵنیا ببێتەوە لەوەی کارمەندان و دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو کات بپارێزرێن."

ئونروا کە ڕێککەوتنێکی کردووە لەگەڵ ئەو پەنابەرە فەلەستینییانەی کە لە جەنگەکەی ساڵی 1948 دا لە ماڵەکانییان هەڵاتوون یاخود ناچارکراون ماڵەکانییان جێبهێڵن، لە مێژە بووەتە ئامانجی " دوژمنکارییەکانی " ئیسڕائیل.

پۆلیسی ئیسڕائیل وتی لێکۆڵینەوەیەکییان دەستپێکردووە سەبارەت بە ئاگرکەوتنەوەیەک لە تەنیشت بارەگای ئونرواوە." بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەکە، ئاگرەکە لەلایەن هەرزەکارانەوە کراوەتەوە.

لازارینی وتی کارمەندەکانی لە کاتی ڕووداوەکەدا لە بارەگاکەدا بوون بەڵام هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە. بەڵام ناوچەکانی دەرەوەی بارەگاکە بەهۆی ئاگرەکەوە زیانییان بەرکەوتووە، ئاگرەکەش لەلایەن کارمەندەکانەوە کوژێندراوەتەوە، دوای ئەوەی دەزگاکانی فریاکەوتن کاتێکی زۆرییان پێچووە تاوەکو وەڵام بدەنەوە.

لازارینی وتی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ئیسڕائیلییەکان ڕۆژانە خۆپیشاندانییان لە دەرەوەی بارەگای ئونروا ئەنجام داوە، وتیشی لەم هەفتەیەدا بەردییان گرتووەتە کارمەندەکان و بیناکە.

بەپێی گرتە ڤیدیۆیەک کە لەگەڵ پۆستەکەی لازارینیدا داندراوە، دوکەڵ لە بیناکانی نزیک بارەگاکەوە دەردەکەوێت. لازارینی وتی کۆمەڵە خەڵکێک لە دەرەوەی بارەگاکە بیندراون کە چەکدارییان لەگەڵدا بووە و هاوارییان کردووە " نەتەوە یەکگرتووەکان بسووتێنن."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG