Accessibility links

ئۆنروا هەندێک لە کارمەندە نێودەوڵەتییەکانی لە غەززە دەکشێنێتەوە


لە بەیاننامەیەکی دەزگای بە هاناوەچوون و کاروباری پەنابەرە فەڵەستینییەکان " ئۆنروا " دا هاتووە دەڵێت هەندێک لە کارمەندە نێودەوڵەتییەکانی لە غەززە کشانۆتەوە بەهۆی ئەوەی ترسی هەیە لە پارێزراویان.

جێی ئاماژەیە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا توڕەییەکان لە غەززە زیادی کردووە لەنێو کارمەندانی ئۆنروای فەڵەستینیدا. دەزگاکە ناچار بوو ڕووبەڕووی قەیرانێکی دارایی ببێتەوە و کارمەندەکانی لە غەززە کەمکردەوە و ئەوەش بووە هۆی ڕێکخستنی ناڕەزایی دەربڕین و خۆپیشاندان.

وتی " ئۆنروا بڕیاریدا بۆ ماوەیەکی کاتی بەشێک لە کارمەندە نێودەوڵەتییەکانی لە غەززە بکشێنێتەوە دوای زنجیرەیەک لە ڕووداوە ئەمنییە نیگەرانکەرەکان کە کاری کردۆتە سەر کارمەندەکانمان لە کەرتەکەدا."

وتیشی بەڕێوبەری ئەرکەکانی دەزگاکە و ژمارەیەکی دیکەی کارمەندەکان لە غەززە دەمێننەوە و بەردەوام دەبن لە ئەرکەکانیان. سەرچاوەیەکیش دەڵێت 13 کارمەندی نێودەوڵەتی لە غەززە کشێنراونەتەوە لەکاتێکدا شەش کەس دەمێننەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت " ژمارەیەک لە کارمەندەکان ڕووبەڕووی بێزارکردن بوونەتەوە و ڕێگەیان لێگیراوە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن لەلایەن خۆپیشاندەرەکانەوە."

هانی عەمری کە یەکێکە لە کارمەندە ناوخۆییەکان لە ئۆنروا وتی دەیان کەس کە کارەکانیان لەدەستداوە لەبەردەم هۆتێلێکدا گردبوونەتەوە دوای ئەوە بیستوویانە کۆمەڵێک کارمەندی نێودەوڵەتی ئۆنروا لەو هوتێلەدا کۆبوونەتەوە و هەندێکیان چواردەوری ئوتومبێلی یەکێک لە کارمەندە نێودەوڵەتییەکەیان داوە و لەبەردەم ئوتومبێلەکەدا ڕاکشاون.

ئونروا لە بەیاننامەکەدا داوای لە بەرپرسانی غەززە کردووە ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی کارمەندەکانیان و دامەزراوەکانیان.

وتەبێژی وەزارەت ناوخۆ لە غەززە کە حەماس ڕابەرایەتی دەکات ئیاد ئەلبزم وتی " ئێمە لە وەزارەتی ناوخۆ پابەندین بە پاراستنی دامەزراوەکانی ئۆنروا و کارمەندە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیشیانەوە. ڕێوشوێنەکانی پاراستن نەگۆڕاون بەڵام بەهۆی کەمکردنەوە کارمەندەکانەوە لە غەززە توڕەییەک هەیە لەنێو کارمەندەکاندا. ڕێگە نادەین ئەم خۆپیشاندانانە بگەنە ئاستی توندوتیژی و هەڵکوتانە سەر کارمەندەکان و دامەزراوەکان."

جێی ئاماژەیە ئۆنروا خزمەتگوزاری پێشکەشی پێنج ملیۆن پەنابەری فەڵەستینی دەکات لە ئەردەن و لوبنان و سوریا و بەشی ڕۆژئاوای فەڵەستین و کەرتی غەززە.

لە مانی هەشتدا ئەمەریکا یارمەتییەکانی بۆ ئۆنروا ڕاگرت و وتی سیستمی کارکردنی ئۆنروا و بەڕێوەبردنەکەی هەڵەی زۆر تێدایە و چاک ناکرێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG