Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە سوپای سودان دەکات کۆتایی بە کوشتنی خۆپیشاندەران بهێنێت


ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی هێزەکانی ئاسایشی سودانی کرد لە " بەکارهێنانی هێز بەشێوەیەکی دڕندانە و ناگونجاو دژی خۆپیشاندەرانی ئەو وڵاتە." ڕۆژانە زۆرێک لە خۆپیشاندەران لە سودان دەکوژرێن.

لە 25 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا سوپای سودان کودەتایەکی سەربازیی بەسەر حکومەتی مەدەنی سوداندا ئەنجامدا. لەو کاتەوە ئامارە متمانەپێکراوەکانی لیژنەی ناوەندی پزیشکانی سودان ئاماژە بەوە دەدەن هێزەکانی ئاسایشی وڵاتەکە 71 کەسیان کوشتووە و زیاتر لە 2200 کەسی دیکەیان بریندارکردووە، ساڵی ڕابردوو لەو ژمارەیە 17 کەسیان کوژراون.

چاودێرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن ڕۆژانە ئەم کوشتارییە ئەنجام دەدرێت. ئاماژەیان بەوەدا ڕۆژی دووشەممە هێزەکانی ئاسایشی فیشەکی ڕاستیان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرانی خەڕتومی پایتەخت بەکارهێناوە، حەوت خۆپیشاندەر کوژراون و 12 کەسی دیکە برینداربوون.

وتەبێژی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاڤینا شامدەسەنی وتی بە پێی یاسا نێودەوڵەتیەکان بەکارهێنانی فیشەکی ڕاستی تەنها لەکاتێکدا دەبێت هیچ ڕێوشوێنێکی دیکە نەمابێت بگیردرێتەبەر و فیشەکی ڕاستی دوایین بژاردە بێت. وتیشی دەبێت دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لەم پێشێلکارییانە ئەنجام بدرێن. ئاماژەشی بەوەدا دەبێت بەرپرسانی سودان ئەو کەسانە ڕووبەڕووی یاسا بکەنەوە کە مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن.

شامدەسەنی وتی " زۆر گرنگە ئەم لێکۆڵینەوانە ئەنجام بدرێن، لە ڕاستیدا ئەمە خۆی لە خۆیدا یەکێکە لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران. داوای لێکۆڵینەوە دەکەن لە حوکمی مەدەنی و داوای لێپێچینەوە دەکەن. هەرکاتێک کوشتاری زیاتر هەبێت، توندوتیژی زیاتر دژی خۆییشاندەران ئەنجام بدرێت، خۆپیشاندانەکان پتەوتر دەبن و خۆپیشاندانی زیاتر ئەنجام دەدرێن و توندوتیژی زیاتر دەکەوێتەوە."

وتیشی ڕوون و ئاشکرایە کە ئەمە ڕێگەی دووبارە گەڕاندنەوەی حوکمێکی مەدەنی ئاشتیانە و هەمیشەیی نیە.

شامدەسەنی بە دەنگی ئەمەریکای وت بەرپرسانی سودان وەکو بیانوویەک بۆ کارەکانیان دەڵێن هەوڵدەدەن یاسای گشتی بپارێزن. وتی دەڵێن خۆپیشاندەران توندوتیژییان بەکارهێناوە و هەندێک لەوانەشی کە دەستگیرکراون بەرپرس بوون لە کوشتنی بەرپرسانی سوپای سودان.

وتی " بەڵام لەکاتێکدا چاودێری خۆپیشاندانەکان دەکەین دەبینین خۆپیشاندانەکان بەشێوازێکی ئاشتیانە ئەنجام دەدرێن. هەموو ئەو هێزەی بینیومانە خۆپیشاندەران بەکاریدەهێنن هەڵدانی بەردە. هیچ شتێک ناکەن بگاتە ئاستی فیشەکی ڕاستی کە لەلایەن سوپاوە بۆ وەڵامدانەوەی خۆپیشاندانەکان بەکارهێندراوە."

شامدەسەنی ئەوەشی خستەڕوو نەتەوە یەکگرتووەکان دانی نەناوە بە ڕابەرانی سەربازیی سوداندا وەکو حکومەتی یاسایی وڵاتەکە. بەڵام بەرپرسانی دوای کودەتاکە بەرپرسن لە وڵاتەکە.

وتی ئەمەش مانای ئەوەیە لەڕووی مافەکانی مرۆڤەوە بەرپرسیارێتیان بەرامبەر گەلی سودان هەیە. وتی ئەوان بەرپرسن لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و کوشتنەکان و توندوتیژییەکانی دیکە. ڕابەرانی سەربازی سودان دەبێت لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو توندوتیژییانە بکەن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG