پـۆلیسی سویسرا دەڵێت پـیاوێکی کوردی سوریا کە تەمەنی لە سیـیەکاندایە ئاگری لە خۆی بەرداوە لە بەردەم بارەگای کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری جنێڤ.
سیلڤان گویلیۆم ژانتیل گوتەبێژی پـۆلیسی ژنێڤ گوتی ڕووداوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە بووە و بەپەلە پـیاوەکەیان بە فڕۆکەی هەلیکۆپتەر بۆ نەخۆشخانەی زانکۆی لۆزان گواستووەتەوە تاوەکو لەوێ چارەسەری بۆ بکرێت.
گوتیشی بەهۆی خراپی باری تەندروستی نەیانتوانیوە پـرسیاری لێبکەن بۆچی ئاگری لە خۆی بەرداوە، بەڵام بە بۆچوونی ئەو هۆکارەکەی ئەو دۆخە سیاسیەیە. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد پـیاوەکە دانیشتووی ئەڵمانیا بووە.
لە لایەکی دیکە ئەندرێ ماهیچ، گوتەبێژی کۆمیسۆنی پەنابەران گوتی" زۆر بە داخین و تووشی شۆکبووین بەوەی ئەو کەسە ئەمڕۆ لە بەردەم ئۆفیسەکەمان گیانی خۆی کردە قوربانی.
گوتیشی پـیاوەکە پاش ئەوەی ئاگری لە خۆی بەردابوو هەوڵی دابوو بچێتە ناو بیناکەیانەوە، بەڵام پاسەوانەکان و خزمەتگوزاری تەندروستی ئاگرەکەیان کوژانووەتەوە. دواتر هیوای چاکبوونەوەی بۆ خواست.
فەرمانبەرێکیش بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزی گوت پـیاوەکەی بینیوە کە چۆن ئاگری تێبەربووبوو و پاسەوانەکان بە هانایەوە چووبوون و بە دوایدا بە چەند خولەکێک پـۆلیس و ئەمبوڵانس گەیشتوونەتە شوێنەکە.
گەواهیدەرێک گوتی پـیاوەکە یەک تۆپەڵ ئاگری گەورە بووە، بۆیە پـێیوانیـیە بژی.