Accessibility links

نێردەی پاراستنی ئاشتی لە دارفور کۆتایی بە ئەرکەکەی دەهێنێت


دوای 13 ساڵ لە ئەرکەکەیان نێردەی هاوبەشی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەفریقا بۆ پاراستنی ئاشتی لە هەرێمی دارفور کۆتایی بە ئەرکەکەی هێنا، ئەمەش ترس و نیگەرانی لەلای سودانییەکان دروستکردووە بەتایبەتی دوای ئەو کردەوە توندوتیژییانەی لەمدواییانەدا لە دارفور ئەنجامدراون.

نێردەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی " نێردەی هاوبەشی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەفریقا لە هەرێمی دارفوری سودان بە فەڕمی کۆتایی بە ئەرکەکانی دەهێنێت، لەکاتێکدا حکومەتی سودان بەرپرسیارێتی پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ناوچەکە دەگرێتە ئەستۆ."

لە ساڵی 2003 دا ململانێکان لە هەرێمی دارفور دەستیپێکرد و نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ململانێکانی هەرێمەکە بۆتە هۆی کوژرانی 300 هەزار کەس، لەگەڵ ئەوەشدا بۆتە هۆی دروستبوونی ململانێ لەنێوان هۆزەکانی ناوچەکەدا کە هەفتەی ڕابردوو بەهۆی ئەو ململانێیانەوە پێنج کەس کوژران.

هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت بەهۆی ململانێکانەوە 2,5 ملیۆن کەس ئاوارەبوون.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG