هێزێکی دەریایی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە باشوری لوبنان کاردەکات توانیویەتی بە هاوکاری لەشکری لوبنان 32 پەنابەری سوریایی لە ناو ئاوی دەریا ڕزگاربکات، پاش ئەوەی هەوڵیان دابوو بە شێوەیەکی نایاسایی بە بەلەم بەرەو قوبڕس بڕۆن.
هێزەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە UNIFIL ناسراوە، ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیاندنێکدا لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی بەشداریـیان لە هەڵمەتەکانی گەڕان و ڕزگارکردنەکە کردبوو، پاش ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 10 ی مانگی دە ڕاپـۆرتێکیان پـێگەیشت و تیایدا باس لە دیارنەمانی بەلەمێکی بچوک دەکات کە لە لوبنانەوە بەرەو قوبڕس دەرچووبوو.
دەڵێت بەلەمەکە سووتەمەنی تێدا نەمابوو و لە ناوەڕاستی ئاوی دەریا وەستابوو و ئەو 32 پەنابەرە کە بریتیبوون لە 19 پـیاو و 6 ژن و 7 منداڵ، بۆ ماوەی 4 ڕۆژ بەبێ ئاو و خواردن بوون.
هێزەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاو و خۆراکی داونەتێ هەتا ئەو کاتەی هێزی دەریایی لەشکری لوبنان گەیشتووەتە شوێنەکە.
لەشکری لوبنان ڕایگەیاند جگە لەو 32 پەنابەرە سوریاییە کەسێکی لوبنانیشیان لەگەڵدا بووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی تەواوی سەرنشینەکانی سەر بەلەمەکە گەیندرانەوە بەندەری بەیرووت.