Accessibility links

یونسێف: لە ساڵی 2015 ەوە زیاتر لە 11,000 منداڵ لە یەمەن کوژراون یاخود بریندار بوون


ڕێکخراوی یونسێفی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە ساڵی 2015 ەوە لە ململانێکانی یەمەندا زیاتر لە 11,000 منداڵ کوژراون یاخود بریندار بوون.

حکومەتی یەمەن کە لەلایەن سعودیەوە پشتیوانی لێدەکرێت و حوسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت پەرەیان بە جەنگە ئابوورییەکەی ناو یەمەن داوە، ئەمەش لە نێوەندی چەق بەستوویی هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ ئاگربەستێکی نوێ لە نێوان لایەنەکانی ململانێکانی ناو یەمەندا.

ئاگربەستەکەی پێشوو لە 2 ی مانگی 10 دا ماوەکەی بەسەرچوو، ئەوەش بووە هۆی خراپتربوونی قەیرانە مرۆییەکەی ناو وڵاتەکە.

لە کاتێکدا یونسێڤ ڕایگەیاند لە ساڵی 2015 ەوە زیاتر لە 11,000 کوڕ و کچ لە یەمەن کوژراون یاخود بریندار بوون، بەڕێوبەری جێبەجێکاری یونسێف کاثرین ڕۆسێڵ وتی " نوێکردنەوەی بەپەلەی ئاگربەستەکە هەنگاوێکی ئەرێنی دەبێت کە یارمەتیدەر دەبێت لە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییە هەستیارەکاندا."

ڕێکخراوەکە ئاماژەشی بەوەدا ژمارەکە ڕەنگە " زۆر زیاتر " بێت، چونکە ئەمانە تەنها ئەو حاڵەتانەن کە نەتەوە یەکگرتووەکان توانیویەتی پشتڕاستییان بکاتەوە.

سەرەڕای ئەوەی لایەنەکانی جەنگی یەمەن لە مانگی چواردا ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەستێکی سەرانسەری، یونسێف وتی لە نێوان مانگەکانی حەوت بۆ نۆدا 164 کەس بەهۆی مین و بۆمبە نەتەقیوەکانەوە کوژراون، وتیشی لە نێو ئەو ژمارەیەدا لانیکەم 74 کەسیان منداڵ بوون.

یونسێف بە نیازە لەم ساڵدا نزیکەی 484.5 ملیۆن دۆلار بۆ یەمەن کۆبکاتەوە، کە لەوێ سێ چارەکی دانیشتوانەکەی پێویستییان بە یارمەتی و پاراستن هەیە.

ڕۆسێڵ وتی " هەزاران منداڵ ژیانییان لە دەستداوە، سەدان هەزارانی دیکە لە مەترسی مردندان بەهۆی برسێتی و نەخۆشییەکەوە کە دەکرێت ڕێگری لێبکرێت."

یونسێف دەڵێت نزیکەی 540,000 منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵ لە یەمەن بە دەست بەدخۆراکییەکی توندەوە دەناڵێنن.

ئاماژەشی بەوەداوە زیاتر لە 17.8 ملیۆن یەمەنی دەستیان ناگات بە ئاوی پاک و خزمەتگوزارییەکانی پاکوخاوێنییەوە، چونکە تەنها نیوەی دامەزراوە تەندروستییەکانی وڵاتەکە چالاکن. ئەمەش نزیکەی 10 ملیۆن منداڵی بەبێ دەستڕاگەیشتن بە چاودێرییەکی گونجاو هێشتۆتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی داوای 51.5 ملیۆن دۆلارییان کردووە بۆ یارمەتیدانی یەمەن لە ساڵی 2023 دا، کە ئەمەش لە سەدا 25 زیاترە لەو بڕەی کە لە ساڵی 2022 دا دابینکراوە و زیاتر لە پێنج هێندەی ئەو بڕەیە کە 10 ساڵ لەمەوبەر دابین کرابوو.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG