Accessibility links

یونسێف: زیاتر لە 2 ملیۆن منداڵ لە ئۆکرانیا هەڵهاتوون


ڕێکخراوی یونسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت نزیکەی 2 ملیۆن منداڵ لە دەست جەنگی ناو ئۆکرانیا هەڵهاتوون، هاوکات 2.5 منداڵی دیکە لەناوخۆی ئۆکرانیادا ئاوارە بوون.

ڕێکخراوی یونسێف و ئۆفیسی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا وتیان نیوەی سەرجەم پەنابەرانی ئۆکرانی منداڵن. یونسێف دەڵێت زیاتر لە 1.1 ملیۆن منداڵی ئۆکرانی گەیشتوونەتە پۆڵەندا، سەدان هەزار منداڵی دیکە بەرەو ڕۆمانیا و ماڵدۆڤا و هەنگاریا و سلۆڤاکیا و کۆماری چیک هەڵهاتوون.

ڕێکخراوی کاروباری پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت زیاتر لە 100 منداڵ لە ململانێکانی ئۆکرانیادا کوژراون، 134 منداڵی دیکە برینداربوون، ڕێکخراوەکە دەڵێت ژمارەی تەواوەتی قوربانییەکان ڕەنگە زۆر زیاتر بێت.

دوو ڕێکخراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییانداوە لەسەر ئەوەی منداڵانی ئاوارە مەترسییەکی زۆری بازرگانیکردن بە مرۆڤ و چەوسانەوەیان لەسەرە. لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی ئەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی منداڵان و گەنجان دەبنەوە، یونسێف و ڕێکخراوی کاروباری پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەت و کۆمەڵگە مەدەنییەکان ناوەندەکانی " بلو دۆت " لەو وڵاتانەدا دادەنێن کە میوانداری پەنابەرانیان کردووە، لەوانەش ماڵدۆڤا و ڕۆمانیا و سلۆڤاکیا.

ناوەندەکانی بلو دۆت شوێنێکی پارێزراو دەبن بۆ پێدانی زانیاریی بەو خێزانە پەنابەرانەی کە گەشت دەکەن، یارمەتیدەر دەبن لە ناسینەوەی ئەو منداڵانەی کە گەورەیان لەگەڵدا نیە و ئەو منداڵانەشی کە لە کەس و کارییان جیاکراونەتەوە، ئەوەش لەپێناو ئەوەی دڵنیا ببنەوە لەوەی کاری خراپییان بەرامبەر نەکرێت، هەروەها خزمەتگوزاریش بۆ پەنابەران دابین دەکات.

یونسێف وتی بەپەلە کار لەگەڵ حکومەت و دەسەڵاتەکانی دیکەی ناوچەکەدا کار دەکات تاوەکو ڕێوشوێنی زیاتر بگرنەبەر بۆ پاراستنی منداڵان.

بەڕێوبەری جێبەجێکاری یونسێف کاثرین ڕەسڵ لە بەیاننامەکەی ڕۆژی چوارشەممەدا وتی " بارودۆخی ناو ئۆکرانیا لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت." لەکاتێکدا ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لە ماڵەکانی خۆیان هەڵدێن زیاتر دەبێت، زۆر گرنگە " بیرمان بێت هەموو ئەو منداڵانە پێویستیان بە پاراستن و خوێندن و پارێزراوی و پشتیوانی هەیە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG