Accessibility links

یونسێف بۆ یەکەمین جار لە مێژوویدا بەشدار دەبێت لە پێدانی خواردن بە منداڵانی هەژار لە بەڕیتانیا


حکومەتی بەڕیتانیا ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بۆوە دوای ئەوەی یونسێف یارمەتییەکی دارایی پێشکەش کرد بۆ پێدانی خواردن بە منداڵانی هەژاری بەڕیتانیا، ئەمەش یەکەمین جارە ڕێکخراوی یونسێف ئەو جۆرە کارە لەو وڵاتەدا بکات.

حیزبی کاری ئۆپۆزسیۆنی بەڕیتانیا هێرشێکی توندی کردە سەر حکومەت و وتی " شەرمەزارییە " بە یارمەتی " سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان " خواردن بدرێت بە نزیکەی 1800 خێزانی هەژار لە بەڕیتانیا.

جێگری سەرۆکی حیزبی کاری بەڕیتانیا ئانجێلا ڕاینەر وتی " ئێمە یەکێکین لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان، نەدەبوو بگەینە ئێرە."

وتیشی " نابێت منداڵانمان پشت بەو ڕێکخراوە مرۆییانە ببەستن کە هەمیشە لەو ناوچانەدا کارییان کردووە کە جەنگی تیابووە یاخود ڕووبەڕووی کارەساتی سروشتی بوونەتەوە."

بەڵام حکومەتەکەی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن سەرەتا ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بۆوە لەسەر ئەوەی ڕەتی کردەوە خواردن بەخۆڕایی بدرێت بە منداڵە هەژارەکان لە ماوەی پشووەکاندا لە نێوەندی پەتای کۆرۆنادا، بەڵام دواتر هەڵوێستی خۆی گۆڕی و ڕازیبوو.

یونسێف وتی یارمەتییە داراییەکان 20 هەزار جونەی ئیستەرلینیە و دەچێتە سندوقی ئەو دامەزراوە مەدەنییانەوە کە یارمەتی خێزانە هەژارەکان دەدەن لە ناوچەی ساوثوارک لە باشووری لەندەن.

بەڕێوبەری پڕۆگرامی یونسێف لە بەڕیتانیا ئانا کیتلی وتی " ئەمە یەکەمین جارە یونسێف ئەم کارە لە بەڕیتانیا دەکات، کارەکە بۆ بەرپەرچدانەوەی کاریگەرییەکانی قەیرانی کۆرۆنا جێبەجێ کراوە و هەروەها مەبەست لێی گەیشتنە بەو خێزانانەی کە زۆر پێویستیان پێیەتی."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG