ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکان بۆ منداڵان هۆشیاریدا لەوەی زیاتر لە نیو ملیۆن منداڵ لە لیبیا پێویستیان بە یارمەتییە و داوای لە هەموو لایەنەکانی بەشدار لە شەڕەکە کرد کۆتایی بهێنن بە شەڕ و دەست بکەن بە گفتوگۆکردن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ ناکۆکییەکان.
بەڕێوبەری یونسێف لە لیبیا خەیرەت کابیلایری وتی 550 هەزار منداڵ پێویستیان بە یارمەتی هەیە بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکان و شەڕی بەردەوام و ڕووخانی دارایی وڵاتەکەوە.
لە بەیاننامەیەکدا دوای سەردانەکەی بۆ لیبیا وتی " بارودۆخی دەروونی و تەندروستی منداڵەکانی لیبیا دەبێت ئەرکی سەرەکی بەرپرسان و کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بن."
یونسێف ڕایگەیاند نزیکەی 200 هەزار منداڵ لە لیبیا پێویستیان بە ئاوی خواردنەوە هەیە و 315 هەزار پێویستیان بە خویندن هەیە و زیاتر لە 550 قوتابخانە لە وڵاتەکەدا یان ئەوەتا وێران بووەو زیانی بەرکەوتووە یان وەکوو پەناگەیەک بەکاردەهێنرێت بۆ پەنابەران.
کابیلایری هۆشیاریدا لەوەی زیاتر لە80هەزار منداڵ بوونەتە پەنابەر و وتی ئەو منداڵانەشی لە لیبیا کۆچ دەکەن پێشێلکارییان بەرامبەر دەکرێت.
یونسێف لە مانگی پێنجدا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە بە هەزاران منداڵ بەبێ خێزانەکانیان کۆچ دەکەن و هەوڵدەدەن لە لیبیاوە بە دەریای ناوەڕاستدا بپەڕێنەوە بۆ ئیتاڵیا و ئەوەش وایان لێدەکات نێچیرێکی ئاسان بن بۆ ئەو کەسانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن و لە هەندێک حاڵەتدا دەکرێن بە کۆیلە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز