Accessibility links

کۆمسیۆنی باڵای UNHCR دەڵێت لە هەموو 113 کەس لە جیهاندا یەکێـکیان ئاوارەن


کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگروتووەکان بۆ کاروباری ئاوارەکان لە ڕاپۆرتێـکیدا لە ڕۆژی جیهانی پەنابەران کە رێکەوتی ئەمڕۆ دووشەمە دەکات، دەڵێت قەیرانی ژمارەی پەنابەران تەنها لە ساڵی 2015 دا روو لە هەڵکشان کرد بە جۆرێک گەیشتووەتە زیاتر لە 65 ملیۆن ئاوارە، واتە نزیکەی 6 ملیۆن زیاتر بەراورد لەگەڵ ساڵی 2014 .

فلیپـۆ گراندی سەرۆکی ئۆفیسی پەنابەران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ئێسـتا لە جیهاند لە هەموو 113 کەسێک یەکێـکیان ئاوارەیە یان پەنابەرە.

پاشان گوتی "ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی خۆیان لە ئاوی دەریای ناوەڕاست دەدەن تاوەکو بگەنە ئەوروپا، پـێمان دەڵێن ئەگەر ئێوە کێشە و شەڕەکانی وەکو ئەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریکا و باشوری ئاسیا چارەسەر نەکەن، ئەوا ئەو کێشانە بۆ نێو ماڵی ئێوەش دێن." داواشی کرد کارێـک بۆ ئەم دۆخە بکرێت.

ئۆفیسی پەنابەران لە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) دەڵێت نزیکەی 21.3 ملیۆن کەس لە سوریا و ئەفغانسـتان و باشوری سودان و بوروندی لە تاو شەڕ ئاوارەبوون.

ڕێـکخراوی NRC نەرویژی بۆ پەنابەران دەڵێت دۆزینەوەی ڕێـگەچارەی سیاسی بۆ شەڕ و ناکۆکیـیەکانی جیهان چارەسەری سەرەکی کێشەکە دەبێت. پال نێهسو گەورە ڕاوێژکار لە ڕێکخراوەکە بۆ دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند یەک لەو شەڕانە، ئەوەی سوریایە کەوا پـێنج ساڵە درێژەی کێشاوە و بەهۆیەوە نزیکەی 12 ملیۆن کەس ئاوارەبوون.

XS
SM
MD
LG