Accessibility links

UNHCR داوا لە ئوسترالیا دەکات مافی نیشتەجێبوون بدات بە ژنێکی سعودی


ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران ڕادەگەیەنێت ژنێکی تەمەن 18 ساڵانی سعودی کە هەڵاتووە بۆ تایلەند، داوای لە ئوسترالیا کردووە مافی نیشتەجێبوونی پێبدات.

وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی ئوسترالیا ڕایگەیاند تاوتوێی ئەو داواکارییەی UNHCR دەکات بۆ نیشتەجێکردنی ڕەهەف محەمەد ئەلقونون.

ئەلقنون ڕۆژی شەممەی ڕابردوو لە کوەیەتەوە گەیشتە بانگکۆک پاش ئەوەی لە دەستی خێزانەکەی ڕایکردبوو. دەڵێت دەیکوژن ئەگەر بگەڕێتەوە.

سەرەتا کاتێک گەیشتە تایلەند ڤیزای چوونە ناو وڵاتەکەی ڕەتکرایەوە بەڵام پاشان خۆی لە ژوری هۆتێلێکی ناو فڕۆکەخانەکە شاردەوە و وێنە و نوسینی خۆی لە سەر تیوتەر بڵاوکردەوە، ئەمەش سەرنجی خەڵکی لە سەرانسەری جیهانەوە ڕاکێشا و وای کرد کاربەدەستانی کاروباری پەنابەرانی تایلەندی لە بڕیارەکەی پێشووتریان پاشگەز ببنەوە و نەینێرنەوە بۆ عەرەبستانی سعودیە.

بەرپرسی پۆلیسی کاروباری پەنابەرانی تایلەندی سوراچیت هاکپران دەڵێت باوک و برای ئەلقونون ڕۆژی سێشەممە گەیشتنە بانگکۆک بەڵام ئەو خانمە ئامادە نەبوو چاوی پێیان بکەوێت.

سوراچیت ڕۆژی سێشەممە باسی لەو دۆسێیە لەگەڵ بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی عەرەبستانی سعودیە لە بانگکۆک کرد. گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەلایەن ئۆفیسی کاروباری پەنابەرانی تایلەندییەوە بڵاوکراوەتەوە کە تیایدا عەبدوڵا ئەلشەیبی گازندەی ئەوە دەکات کە لە بری پاسەپۆرتەکە دەبوو دەستبەسەر تەلەفۆنی ئەو ژنەدا بگیرایە. ئەم لێدوانەش توڕەبوونێکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کردۆتەوە.

XS
SM
MD
LG