Accessibility links

یونسکۆ: 98 شوێنی کلتوری ئۆکرانیا زیانیان بەرکەوتووە و وێران بوون


لڤیڤ، ئۆکرانیا
لڤیڤ، ئۆکرانیا

ڕێکخراوی یونسکۆ دەڵێت لەمیانەی داگیرکارییەکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا لانی کەم 98 شوێنی کلتوری و ئایینی لەو وڵاتەدا زیانیان بەرکەوتووە یاخود وێران بوون.

بەڕێوبەری پاشماوە دێرینەکانی جیهانی ڕێکخراوی یونسکۆ لازارێ ئیلۆندۆ ئاسۆمۆ وتی بۆردومانەکان لە ئۆکرانیا تاوەکو ئێستا پاشماوە دێرینەکانیان لە هەشت هەرێمی ئۆکرانیادا کردۆتە ئامانج، هەندێک شوێنیان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ڕۆژگاری کۆن و ئەوانی دیکە بە نیشانەی ئەندازیاریی سەرەتای سۆڤییەت دادەنرێن.

وتیشی ژمارەی ئەو شوێنانەی زیانییان بەردەکەوێت ڕەنگە زیاتر ببێت لەکاتێکدا شەڕەکە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا چڕتر دەبێتەوە.

وتی " هەندێک لەم شوێن و مۆنۆمێنتانەی زیانییان بەرکەوتووە کاتییان دەوێت تاوەکو دووبارە بونیاد دەنرێنەوە، هەندێکی دیکەیان ڕەنگە هەرگیز نەتوانرێت بونیاد بنرێنەوە."

یونسکۆ وێنەی مانگە دەستکردەکان و لێدوانی شایەتحاڵەکانی بەکارهێناوە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن بەرپرسانی ئۆکرانیاوە سەبارەت بەو شوێنانە بڵاوکراونەتەوە.

هیچ کام لەو شوێنانەی کە زیانییان بەرکەوتووە لە لیستی پاشماوە دێرینەکانی جیهانی ڕێکخراوی یونسکۆدا نین، وەکو کڵێسای سەینت سۆفیا و بینا ڕەبەنەکانی کیێڤ - پێچێرسک لاڤرا لە کیێڤی پایتەخت.

بەڵام ئیلۆندۆ ئاسۆمۆ هۆشداریدا لەسەر ئەوەی ئەگەر ئەو شوێنە دێرینانەی کە لە لیستەکەی یونسکۆدان بکرێنە ئامانج ئەوا " ئەوە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە و ڕەنگە وەکو تاوانی جەنگ دابنرێت."

سکرتێری گشتی ڕێکخراوی یونسکۆ ئۆدری ئازولان لە ناوەڕاستی مانگی سێدا لە نامەیەکدا بەرپرسیارێتیەکانی ڕووسیای بۆ پاراستنی پاشماوە دێرینە کلتورییەکانی ئۆکرانیای بەبیری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ هێنایەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG