Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان 2 کارمەندی خۆی سزادەدات لەسەر ڕەفتارێکی نەشیاو لە نێو ئۆتۆمبیلێکیدا


ستێفان دوژاغی گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان
ستێفان دوژاغی گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت 2 کارمەندی خۆی سزاداوە لەسەر ئەو ڤیدیۆیەی لەم دوایـیانەدا لەسەر سۆشیال میدیاکان بڵاوکرایەوە و تیایدا کارمەندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێو ئۆتۆمبیلێکی ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتیـیەدا لەگەڵ ژنێکدا ڕەفتارێکی بێ ڕەوشتانە ئەنجام دەدات.

ستێفان دوژاغی گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئۆفیسی چاودێری ناوخۆی ڕێکخراوەکە، دەرکەوتووە 2 کارمەندی نێودەوڵەتی ڕێکخراوەکە کە هەردووکیان پـیاون تێوەگلاون لەو ڕەفتارە نەشیاوە.

گوتیشی چاوەڕوانی ئەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوەکانن، بەڵام لە ئێستادا هەردوو کارمەندەکە لە کارەکانیان ڕاگیراون و موچەکانیان بڕیون.

هەفتەی ڕابردوو لە پاش بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە، ستێفان دوژاغی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند ڤیدیۆکە شۆکی کردووە و زۆر پێی بێزاربووە.

ڤیدیۆکە بە ڕێکەوت لەلایەن کەسێکەوە گیرابوو کە لە بینایەکی سەر جادەیەکی سەرەکی شاری تەل ئەڤیڤی ئیسرائیل بووە. ئۆتۆمبیلەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە جادەکەدا تێپەڕیبوو و بەبەرچاوی خەڵکی ئەو ڕەفتارە ناشیاوەی تێدا کرابوو.

XS
SM
MD
LG