Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان 4.3 ملیار دۆلاری دەوێت بۆ یارمەتیدانی ملیۆنان کەس لە یەمەن


نەتەوە یەکگرتووەکان داوای 4.3 ملیار دۆلار دەکات بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکانی ئەم ساڵ بۆ ملیۆنان هاوڵاتی یەمەنی کە ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە، هەروەها داوای لە بەرپرسان کرد ئاگربەستە ناجێگیرەکە بگۆڕن بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی.

نەتەوە یەکگرتووەکان حەوتەمین کۆنفرانسی سەبارەت بە یەمەن ئەنجامدا، بەڵام وتی هیوادارە کۆبوونەوەی دواترییان لەسەر دووبارە بونیادنانەوەی وڵاتە وێرانبووەکە بێت نەک لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی برسێتی بێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت زیاتر لە 21.7 ملیۆن هاوڵاتی یەمەن لەم ساڵدا پێویستییان بە یارمەتی مرۆیی دەبێت، هەروەها دەیەوێت بەم داوایەی یارمەتی 17.3 ملیۆن کەسییان بدات.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەی ڕۆژی دووشەممەدا لە جنێڤ وتی " باپێکەوە ئازار و ناڵەکان لاببەین. با هیوا بدەین بە گەلی یەمەن."

وتی " ئەم ساڵ دەرفەتێکمان لەبەردەستدایە بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی یەمەن و بەرەو ئاشتی بجوڵێین."

لە ساڵی 2014 ەوە یەمەن بە دەست جەنگی نێوان حوسییەکان و حکومەتی یەمەنەوە دەناڵێنێت، حوسییەکانی یەمەن لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت، حکومەتی یەمەنیش لەلایەن هاوپەیمانێتییە سەربازییە عەرەبییەکەوە پشتیوانی لێدەکرێت کە سعودیە ڕابەرایەتی دەکات.

بەهۆی جەنگەکەوە سەدان هەزارن کەس ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کوژراون، وڵاتەکەشی بەرەو لێواری برسێتی بردووە.

لە 2 ی مانگی چواردا ڕێککەوتنێکی ئاگربەست لە نێوان لایەنەکانی جەنگی یەمەنەوە واژۆ کرا و لە 2 ی مانگی 10 دا ماوەکەی بەسەرچوو، بەڵام تاوەکو ئێستا زۆربەی بەندەکانی ڕێککەوتنەکە پارێزراون، گۆتیرێش وتی " ئەوە هیوایەکە بۆ داهاتوو."

وتی " دوای چەندین ساڵ لە مەرگ و ئاوارەبوون و کاولکاری و برسێتی و ناڵاندن، ڕێککەوتنەکە سوودێکی ڕاستەقینەی بە خەڵکەکە گەیاندووە."

سەرۆک وەزیری یەمەن مەعین عەبدولمەلیک سەعید لە کۆنفرانسەکەی ڕۆژی دووشەممەدا وتی " کۆتایی هێنان بە قەیرانە مرۆییەکە بە کۆتایی هێنان بە جەنگەکە دەستپێدەکات."

ساڵی ڕابردوو لە هەمان کۆنفرانسدا نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە 2.2 ملیار دۆلاری کۆکردەوە بۆ ئەوەی ڕێکخراوە مرۆییەکان بتوانن مانگانە یارمەتی نزیکەی 11 ملیۆن کەس بدەن لە سەرانسەری وڵاتەکەدا.

بەڵام زۆرێک لە وڵاتان داوا دەکات کۆتایی بهێندرێت بە فەرمانەکانی حوسییەکان کە تیایدا ژنان ناچار دەکەن بە کارمەندە مرۆییەکانیشەوە هاوەڵی پیاوییان لەگەڵدا بێت، ئەوەش کۆسپی خستۆتە بەردەم گەیاندنی یارمەتییەکان.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی واشنتن سەدان ملیۆن دۆلار دابین دەکات، هەروەها داوای کۆتاییەکی هەمیشەیی کرد بۆ قەیرانەکانی یەمەن.
بلینکن لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا وتی " هەتاوەکو شەڕەکە بەردەوام بێت ناڵاندنیش بەردەوام دەبێت."

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک لە جنێڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت جیهان " زۆر جار چاوەکانی دادەخات بە ڕووی ئەو کارەساتە مرۆییەی کە لە یەمەندا هەیە."

وتیشی ئەڵمانیا 120 ملیۆن یۆرۆ تەرخان دەکات بۆ 400,000 منداڵی یەمەنی کە بە دەست " توندترین برسێتییەوە " دەناڵێنن.

بەرپرسی کاروباری یارمەتییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان مارتن گریفیث وتی " تا ڕادەیەک شتێکی ناخۆشە " کە بگەینە حەوتەمین کۆنفرانسی لەو جۆرە، بەڵام هیوای خواست دوا کۆنفرانس بێت.

وتی " ڕاستییەکە ئەوەیە قەیرانەکانی یەمەن زۆر زۆری خایاند، سزای ملیۆنان هاوڵاتی بێتاوان دەدات کە لە سەرەتاوە ئەمەیان نەویستووە و شایستەی زۆر باشترن."

نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە یەمەن ئەدهەم عەبدل مونیم وتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهان پێویستی بە 392 ملیۆن دۆلار هەیە بۆ یارمەتیدانی 12.9 ملیۆن کەس لە ڕووی تەندروستییەوە و " ڕێگریکردن لە ئەگەری ڕووخانی سیستمی تەندروستی " لەو وڵاتەدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG