Accessibility links

ڕێکخراوی WFP خۆراکی زیاتر بۆ خەڵکی ڕەققە ڕەوانە دەکات


نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ڕێگای زەمینی نوێ بەکاردەهێنێت بۆ گەیاندنی خۆراک بۆ ناوچەکانی دەروبەری شاری ڕەققە، لەم کاتەی شەڕ و پـێکدادان لە شارەکەدایە و خەڵکی زیاتر پـێویستیان بە خۆراکە.

کارانەوەی ئەم ڕێگاوبانانە وایکردووە کە بۆ یەکەم جار لە پاش سێ ساڵ ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بتوانێت خۆراک بگەیەنێتە ناوچە گوندنیـیەکانی باکوری شاری ڕەققە. ڕێکخراوەکە دەڵێت ئێستا هەموو مانگێـک خۆراک بۆ نزیکەی 200 هەزار کەس دابین دەکات لە 8 ناوچەی پارێزگای ڕەققە و هەروەها چەند ناوچەیەکی دیکەی دەوروبەری.

بەر لە کرانەوەی ئەم ڕێگایە کە حەسەکە لە ڕۆژهەڵات و حەلەب لە ڕۆژئاوا پـێکەوە دەبەستێتەوە، ڕێکخراوەکە زیاتر بە فڕۆکە خۆراکی بۆ خەڵکی ناوچەکە ڕەوانەدەکرد.

جاکۆب کرن نوێنەری ڕێکخراوی WFP لە سوریا دەڵێت ناردنی خۆراکەکان بە ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر لە بری فڕۆکە وەها دەکات ساڵانە نزیکەی 19 ملیۆن دۆلار خەرجیـیەکان کەمبکرێنەوە.

یەک لەو ناوچانەی ئێستا دەتوانرێت خۆراکی بۆ ڕەوانەبکەن، شاری تەبقەیە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات لە مانگی پـێنج توانیان لە داعش ڕزگاری بکەن. ڕێکخراوەکە دەڵێت لەم مانگە توانیویەتی خۆراک بگەیەنێتە دوو هێندەی خەڵکی و مانگانە بەشە خۆراکی 25 هەزار ڕەوانەبکەن. دەڵێن زۆربەی بۆ ئەو خێزانانەیە کە لەم دوایـیانە بۆ ماڵ و حاڵیان گەڕاونەتەوە.

XS
SM
MD
LG