وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت زۆر گرنگە ئەو بەرپرسانەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ئیسیوپیا دەرکراون، ڕێگەیان پێبدرێت بگەڕێنەوە ئەو وڵاتە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس لەمیانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەم لێدوانەیدا، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو ئیسیوپیا ڕایگەیاند حەوت بەرپرسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وڵاتەکە دەردەکات.
حکومەتی ئیسیوپیا دەڵێت ئەو بەرپرسانەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستیان وەرداوەتە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەوە، هەروەها بە تۆمەتی دیکەش تۆمەتباریکردن، لەوانەش گۆڕینی ئاڕاستەی یارمەتیە مرۆییەکان و کەلوپەلەکانی پەیوەندی بۆ بەرەی ڕزگاری گەلی تیگرای کە دژ بە حکومەتی فیدڕاڵی ئیسیوپیا لە هەرێمی تیگرای دەجەنگێت.
لە هەواڵێکی جیادا نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند حەوت بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیسیوپیایان جێهێشتووە.
وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان فەرحان حەق وتی " بەهۆی هۆکاری پارێزراوییەوە، لەو وڵاتە گواستراونەتەوە."
فەرحان حەق وتی " ئەرکی سەرەکی ئێمە ئەوەیە دڵنیابینەوە لەوەی کارمەندەکانمان بتوانن بە پارێزراوی کارەکانیان ئەنجام بدەن، بۆیە ئەگەر نەتوانین لەوە دڵنیا ببینەوە، ئەوا دەبێت ڕێوشوێنی دیکە بگرینەبەر."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز