دوای ئەوە هێرشێکی نوێ کرایە سەر وێستگەی ناوەکی زاپۆریژای ئۆکرانیا، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش داوای کرد ڕێگە بدرێت پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان بچنە وێستگەکەوە، ئۆکرانیا و ڕووسیاش یەکتر بە تۆمەتی بۆردومانکردنی وێستگەکە تۆمەتبار دەکەن کە گەورەترین وێستگەی ئەتۆمییە لە ئەوروپادا.
گۆتیرێش لەمیانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ژاپۆن گوتی " هەر هێرشێک بۆ سەر وێستگەکە کارێکی خۆکوژیی دەبێت."
ڕۆژی هەینی وێستگەکە بۆردومانکرا، دواتریش لە ڕۆژی شەممەدا دووبارە وێستگەکە هێرشی کرایەوە سەر و ئۆکرانیا دەڵێت بەهۆی هێرشەکەوە زیان بە هەستەوەرەکانی تیشکەکە کەوتووە و کارمەندێکیش برینداربووە.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیش ڕووسیای بە تۆمەتی " هەڵگیرساندنی تیرۆری ئەتۆمی " تۆمەتبار کرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد سزای زیاتر بسەپێنن بەسەر ڕووسیا، بەڵام ئەمجارە بۆ سەر کەرتی ئەتۆمی ڕووسیا.
لە سەرەتای مانگی سێدا هێزەکانی ڕووسیا وێستگەی ناوەکی زاپۆریژایان کۆنتڕۆڵ کرد کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە، بەڵام وێستگەکە هێشتا لەلایەن کارمەندە ئۆکرانییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت.
گۆتیرێش گوتی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی پێویستی بەوەیە بتوانێت بچێتە ناو وێستگەکەوە.
گوتی " بە تەواوەتی پشتیوانی لە هەوڵەکانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی دەکەین بۆ خستنەوەی بارودۆخێکی جێگیر لە وێستگەکەدا."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
گۆتیرێش داوا دەکات پشکێنەرە نێودەوڵەتییەکان بتوانن بچنە ناو وێستگەی ناوەکی زاپۆریژاوە
