Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشیاری دەدات لەسەر کەوتنەوەی برسێتی لە تیگرای


بەرپرسێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوسراوێکدا کە ڕەوانەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە و دەست دەزگای فرانس پرێس کەوتووە هۆشیاریدا لەسەر بوونی " هەڕەشەیەکی جددی لەسەر کەوتنەوەی برسێتی لە هەرێمی تیگرای ئیسیوپیادا، ئەمەش لەحاڵەتێکدا ئەگەر لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا یارمەتیەکان زیاد نەکرێن." هەروەها داوایکرد ڕێوشوێنی بەپەلە بگیردرێنەبەر.

بریکاری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی مارک لوکۆک وتی " ڕوون و ئاشکرایە ئەو کەسانەی لە تیگرای دەژین ئێستا ڕووبەڕووی نەبوونی ئاسایشی خۆراک بوونەتەوە بەهۆی ململانێکانەوە، لایەنەکانی ململانێکانیش ڕێگە بە گەیشتنی خۆراک نادەن."

بەپێی بڕیارێکی ساڵی 2018، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگادارکردنەوەیەک بنێرێت بۆ ئەنجومەنی ئاسایش کاتێک کە ململانێکان دەبنە هەڕەشە بۆ دروستبوونی برسێتی لە ناوچەیەک یاخود دەوڵەتێکدا.

لە 4 ی مانگی یانزەی ڕابردوودا سەرۆک وەزیری ئیسیوپیا ئابی ئەحمەد ئەرکێکی سەربازی دژی دەسەڵاتدارانی بەرەی ڕزگاریخوازی گەلی تیگرای ئەنجامدا کە وەکو ئۆپۆزسیۆن دژی حکومەتی ناوەند کاردەکەن.

هێشتا شەڕ و پێکدادانەکان بەردەوامن و ڕەوشی مرۆیی لە هەرێمەکەدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیگەران کردووە.

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە شەش مانگ بەسەر ئەرکە سەربازییەکەدا، پێشێلکارییەکان لە تیگرای بەردەوامن و چەند مانگێکە ترسی کەوتنەوەی برسێتی دروستبووە.

لوکۆک لە نوسراوەکەیدا وتی " داوا لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش و وڵاتانی دیکەی ئەندام دەکەم سەرجەم ڕێوشوێنە پێویستەکان بگرنەبەر بۆ ڕێگەگرتن لە کەوتنەوەی برسێتی لە هەرێمەکەدا."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG