Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان پـلانێکی بە بەهای 5.5 ملیار دۆلار بۆ ئاوارەکانی سوریا ڕادەگەیەنێت


نەتەوە یەکگرتووەکان پـلانێکی بە بەهای 5.5 ملیار دۆلار ڕاگەیاند بۆ یارمەتیدانی پەنابەرانی سوریایی و ئەو پـێنج وڵاتەی ڕوویان لێکردوون کە بریتین لە ئوردن و تورکیا و لوبنان و میسر و عێراق.

بەرنامەی گەشەپـێدانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان UNDP ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر ماڵپەڕەکەی ئەمەی ڕاگەیاند و نووسیویەتی پـلانەکە بۆ هەردوو ساڵی 2019 و 2020 دانراوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە ئێستادا نزیکەی 5.6 ملیۆن پەنابەری سوریایی لەو وڵاتانە ناویان تۆمارکراوە، ئەمە جگە لەوەی نزیکەی یەک ملیۆن منداڵیان لە ماوەی ئەم ئاوارەبوونیەدا لەدایکبوون.

ئەمین عەوەز بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکای کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران UNHCR دەڵێت زۆربەی ئەو منداڵانەی لەدایکبوون لە نێو هەژاری و بێکاری خێزانەکانیاندا دەژین. باس لەوەش دەکات حاڵەتی زۆری هاوسەرگیری خوار تەمەن 18 ساڵەوە لە نێو ئەو ئاوارەانەدا هەیە و کار بە منداڵان دەکرێت و لە خوێندنێکی بەردەوام بێبەشکراون. داوای لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کرد زیاتر کۆمەک و یارمەتی پەنابەرانی سوریایی بدەن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی میوانداریان دەکەن.

بەپـێی ڕاگەیاندنەکە، لەوەتای ساڵی 2015 وە 270 ڕێکخراو و لایەن بە بەهای 12 ملیار دۆلار یارمەتیان پـێشکەش بە ئاوارە سوریایـیەکانیان کردووە.

لە پاش دەسـتپـێکردنی ڕاپەڕینی خەڵکی سوریا لە مانگی سێی ساڵی 2011 و پاشان کە بوو بە شەڕی ناوخۆ، زیاتر لە 300 هەزار کەس لەو وڵاتە کوژراون و بە ملیۆنان ئاوارەبوون و بە ملیۆنانیش چاوەڕێی یارمەتی ڕێکخراوە مرۆیـیەکانن دەستی یارمەتیان بۆ درێژبکەن.

XS
SM
MD
LG