Accessibility links

دی میستورا: وتووێژەکانی ئاشتی سوریا لە ڤیەننا لە کاتێکی ئێجگار هەستیار بەڕێوەدەچن


نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەیرانی سوریا دەڵێت ئەو وتووێژە ئاشتیانەی بڕیارە ڕۆژی پـێنجشەممە لە ڤیەننا دەسـتپێبکەن، لە کاتێـکی ئێجگار هەستیاردا بەڕێوەدەچن.

ستافان دی میستورا ئەمڕۆ چوارشەممە گوتی " گەشبینم و لەم ساتانە جگە لەمە ناکرێت هیچ هەستێکی دیکەم هەبێت."

بەر لەم لێدوانەی دی میستورا، ژان ئیڤ لۆدغیان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی گوتی خەڵکی سوریا لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین و هیچ چارەسەرێکی سیاسی بۆ ئەو وڵاتە لە ئاسۆدا نابینرێت، جگە لەو وتووێژانەی بڕیارە بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە بەشداری لایەنە ناکۆکەکان لە ڤیەننا بەڕێوەبچێت. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ئەمە دوایـین هەل دەبێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەکی سیاسی و هیوای خواست بتوانرێت نەخشە ڕێگایەک بۆ ئاشتی لەوێ دابنرێت.

جێی ئاماژەیە هەموو وتووێژەکانی پـێشوو شکستیان هێناوە کاتێک هەردوو لایەنی حکومەت و ئۆپـۆزسیۆن ئامادە نەبوون وتووێژی ڕاستەوخۆ ئەنجام بدەن.

بڕیارە لە هەردوو ڕۆژی پـێنجشەممە و هەینی وتووێژەکانی ڤیەننا بەڕێوەبچن و بە دوایدا لە 29 و 30 ی ئەم مانگی یەکە لە ناوچەی گەشتیاری سوچی ڕووسیا کۆنگرەیەکی دیکە بۆ سوریـیەکان سازدەکرێت. مۆسکۆ سەرپەرشتی کۆنگرەکە دەکات.

XS
SM
MD
LG