نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە سەرچاوەی خۆجێـیەوە ڕاپـۆرتی پـێگەیشتووە باس لە ئاوارەبوونی نزیکەی 5 هەزار کەس دەکەن لە ناوچەکانی عەفرین، ئەمەش بەهۆی لەشکرکێشیـیەکەی تورکیا بۆ سەر ئەم ناوچە زۆرینە کوردە.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیاندنەکەیدا گوتیشی ئامادەیە کۆمەک و یارمەتی بۆ 50 هەزار کەس لە عەفرین ڕەوانەبکات و هەروەها دەتوانێت پـێداویستی بۆ 30 هەزار کەسی ئاوارەش دابین بکات، لەوانەی ڕوو لە پارێزگای حەلەبی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا دەکەن.
لە لایەکی دیکە عەلی زەعتەری کاربەدەستی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دیمەشقی پایتەختی سوریا بە ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی گوتووە ئامادەن هاوکاری ئاوارەکانی عەفرین بکەن.
دانیشتوانی عەفرین مەزەندەدەکرێن بە نزیکەی 800 هەزار کەس. لە ئێستادا مەترسی هەیە قەیرانی مرۆیی لە ئاکامی ئەم لەشکرکێشیـیەی تورکیا دروستببێت.