نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند وتووێژێکی نوێی ئاشتی بۆ سوریا لە هەفتەی داهاتوو لە ڤیەننا سازدەکات، ئەمەش پـێش چەند ڕۆژێک بەر لە دەستپـێکردنی کۆنگرەیەکی تایبەت بە سوریا کە لە لایەن ڕووسیاوە ڕێکدەخرێت.
کاربەدەسـتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ چوارشەممە گوتی سیتفان دیمستورا نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەیرانی سوریا پـێشبینی دەکات شاندەکانی حکومەت و ئۆپـۆزسیۆنی سوریا بگەنە ڤیەننا و ئامادە بن لەگەڵیدا کاری بکەن.
گوتیشی ئەم دەسـتپـێشخەریـیە سیاسیـیە کە لایەنە نێودەوڵەتیـیەکان کاریان بۆ کردووە دەبێت لەو ڕوانگەیەوە هەڵبسەنگێنرێت کە هەتا چەند دەتوانێت یارمەتی بدات لە جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 2254 ی ئەنجومەنی ئاسایش و پـرۆسەی ئاشتی جنێڤ، ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەدەبات.
بڕیاری ژمارە 2254 لە ساڵی 2015 وە پەسەندکرا وەک نەخشە ڕێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆی سوریا کە مەزەندە دەکرێت بەهۆیەوە زیاتر لە 340 هەزار کەس گیانیان لەدەستدابێت و بە سەدان هەزار کەسیش بریندار و ئیفلیج بوون و بە ملیۆنان کەسیش ئاوارە و دەربەدەری ئەم شار و ئەو وڵات بوون.