Accessibility links

وڵاتانی ڕۆژئاوا بەیانـنامەیەکی هاوبەش لە بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیای لە سوریا بڵاودەکەنەوە

  • VOA News

وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا بەیانـنامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد و تیایدا داوا لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەکەن کاربکەن بۆ بەردەوامبوونی ئەو لێکۆڵینەوانەی ئەنجام دەدرێن لە بارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە سوریا.

ڕێکس تیلەرسن و بۆریس جۆنسن و ژان ئیف لو دغیان و سیگمار گابرێل ئەمڕۆ چوارشەممە بەیانـنامەکەیان بڵاوکردەوە پاش ئەوەی ڕووسیا لە زاری جێگری وەزیری دەرەوەی گوتی لەگەڵ درێژکردنەوەی لێکۆڵینەوەکاندا نیـیە.

لە بەیاننامەکەدا نووسراوە، لە 26 ی مانگی دە تیمی هاوبەشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی کە بە بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزراوە، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی ڕژێمی ئەسەد بەرپـرسیارە لە بەکارهێنانی گازی سارین لە شارۆچکەی خان شەیخون لە 4 ی مانگی چواری ساڵی 2017. دەشڵێن بڕوایەکی تەواویان بە لێهاتوویی و شارەزایی و سەربەخۆیی تیمەکە هەیە.

پاشان نووسیویانە ڕژێمی سوریا یاسای نێودەوڵەتی پـێشێلکردووە، لەوانە ڕێکەوتننامەی چەکی کیمیایی، بۆیە ئەو کارە شەرمەزاردەکەن و داوا لە ڕژێمی سوریا دەکەن دەستبەجێ واز لە بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێکی کیمیایی بهێنێت و لە کۆتایـیشدا هەموو چەکە کیمیایـیەکانی بۆ ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی ئاشکرابکات.

وزیرەکان باسیان لەوەش کرد تیمە هاوبەشەکەی لێکۆڵینەوەکان ئەنجام دەدات بۆیان دەرکەوتووە داعشیش بەرپـرسیارە لەو دوو هێرشەی لە مانگی نۆی ساڵی 2016 بە گازی خەردەل کرابوونە سەر شارۆچکەی ئوم هۆش، بۆیە ئەم کارە قێزەوەنەش شەرمەزاردەکەن، وە سووربوونی خۆیان لەسەر شکستهێنان بە بزوتنەوە تێرۆرستیـیەکان دووپات‌دەکەنەوە. دەشڵێن هەر کەسێک و لە هەر شوێنک چەکی کیمیایی بەکاربهێنێت، ئەوا ئەوان شەرمەزاری دەکەن.

پاشان نووسیویانە ئەوان کۆکن لەسەر بەردەوامبوونی کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بە حاڵەتەکانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە سوریا، بۆیە هانی ئەنجومەمەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەدەن ڕێگە بەو تیمە هاوبەشە بدات لە لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامبن. داواش لە ئەنجومەنی جێبەجێکاری ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی دەکەن لەسەر بنەمای ڕاپـۆرتی تیمە هاوبەشەکە پەیامێکی بەهێز بدات کە بەبێ هیچ چەندوچونێک ئەوانەی بەرپـرسیارن لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لێپـێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئەمە یەکەم جار نیـیە تیمەکە باس لەوە بکات کێ لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە سوریا بەرپـرسیارە. دەڵێن تیمی لێکۆڵینەوەکان لە ساڵی 2016 گەیشتنە ئەو ئەنجامەی ڕژێمی سوریا بەرپرسیارە لە بەکارهێنانی کلۆر وەک چەکی کیمیایی لە 3 هێرش بە لایەنی کەم لە نێوان هەردوو ساڵی 2014 و 2015 ، وە داعشیش لە ساڵی 2015 جارێک گازی خەردەلی بەکارهێناوە.

گەورە دیپـلۆماتانی ئەمەریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە درێژەی بەیاننامەکەیان دەڵێن زۆر کار ماوە تیمە هاوبەشەکە ئەنجامی بدەن. ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی دەڵێت هەفتەیەک لەمەوبەر و لە دوری تەنها 15 کیلۆمەتر لە خان شەیخون، لە ناوچەی ئەللەتامنە زۆر پـێدەچێت گازی سارین بەکارهاتبێت. وەها باس لە هێرشەکە دەکرێت کە لە کاری ڕژێمی سوریا دەچێت.

دەشڵێن پـێویستە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کاردانەوەیەکی بەهێزی هەبێت بۆ لێپـێچینەوە لەوانەی لەمە بەرپـرسیارن، وە هەروەها هەوڵ بدرێت قەرەبووی قوربانیـیەکانی ئەو هێرشانە بکرێنەوە، وە ڕێگری بکرێت لەوەی هێرشی دیکەی لەو جۆرانە جارێکی دیکە نەکرێنەوە.

لە کۆتایـیدا دەڵێن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ئەندامەکانی بەرپـرسیارێتی هاوبەشیان لە ئەستۆدایە بۆ پارێزگاریکردن لە سیستەمی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی کیمیایی، وە وابەستەی بەڵێنەکانی پـێشوویان ببن.

XS
SM
MD
LG