Accessibility links

زلهێزانی جیهان لەسەر بەرنووسی بڕیارێک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا ڕێکدەکەون


زلهێزانی جیهان لەسەر بەرنووسی پـرۆژە بڕیارێک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکەوتوون، بەڵام هاوبەندی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەڵێت بەدیهێنانی ئاگربەست لە سوریا و دەسـتپـێکردنی دانوستاندنی ئاشتی لە مانگی یەکی ساڵی نوێدا شتێـکی واقیعی نیـیە.

نەجیب غەزبان نوێنەری ئۆپـۆزسیۆنی سوریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی بە ڕۆژنامەوانانی گوت ئۆپـۆزسیۆن پـێویستی بە نزیکەی یەک مانگ هەیە تاوەکو خۆی بۆ دانوسـتاندنەکان ئامادەبکات. هەروەها داوای کرد لە کاتی ئاگربەستەکە ڕووسیا بۆردومانەکانی ڕابگرێت.

پاشان ڕەخنەی لەو خشتە کاتیـیە گرت کە لە لایەن زلهێزەکانەوە لە مانگی یازدە لە ڤیەنـنا دانراوە و گوتی ئەوە شتێکی واقیعی نیـیە.

هاوکاتی ئەم لێدوانەی غەزبان وەزیرانی دەرەوەی 17 وڵات لە هوتێلێـکی نیویۆرک بەشداریـیان لە کۆبوونەوەیەک کرد بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی سیاسی بۆ قەیرانی سوریا.

بەپـێی زانیاریـیەکانی لە ژوری کۆبوونەوەکە گەیشتوونەتە دەرێ، بە ڕێکەوتنێـک گەیشتوون. هەرچەندە دەڵێن ڕووسیا داوای چەند گۆڕانکاریـیەک لە پـرۆژە بڕیارەکە کردبوو، بەڵام لە لایەن وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژئاوایی ڕەتکراوەتەوە.

دەشڵێن بەرنووسەکە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات دەستبەجێ شەڕ ڕابگرن و پابەندی ئاگربەست بن.

بڕیارە هەر ئەمڕۆ هەینی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆببێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر پـرۆژە بڕیارەکە کە تیایدا پـشـتگیری لە هەوڵی نێودەوڵەتی دەکرێت بۆ کۆتایی‌هێنان بە شەڕی ناوخۆی سوریا کەوا بۆ نزیکەی پـێنج ساڵە درێژەی کێشاوە.

XS
SM
MD
LG