Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: دەبێت ئەردۆغان و پوتن نەهێڵن خوێن لە ئیدلبی سوریا بڕژێت


نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا ستافان دی میستۆرا

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا ستافان دی میستۆرا وتی سوریا دەتوانێت خۆی بەدووربگرێت لە خوێناویترین شەڕیدا هەتاکو ئێستا، ئەگەر بێتوو هەردوو سەرۆکی ڕوسیا و تورکیا پەلە بکەن لە گفتوگۆکردن سەبارەت بە چارەسەرکردنی ڕەوشی پارێزگای ئیدلب.

دی میستۆرا وتی گفتوگۆکانی نێوان ڕوسیا و تورکیا هۆکاری سەرەکی چارەسەرن بەبێ هێرشکردنە سەر ناوچەکە کە 2.9 ملیۆن خەڵکی تێدا دەژی.وتیشی بەڵام ئەو هەواڵانەی کە لەبەردەستدان ئێستا سەبارەت بە ئەنجامدانی شەش هێرشی ئاسمانی ئاماژە بەوە دەدەن کە گفتوگۆکانی ئەنقەرە بەباشی بەڕێوە ناچن.

دی میستۆرا وتی ڕاپۆرتی ڕاگەیاندنەکان ئاماژە بەوە دەدەن حکومەتی سوریا هەتاوەکو 10 ی مانگی نۆ چاوەڕێ دەکات پێش ئەوەی دەست بکات بە هێرشەکانی، کە ئەوەش وا دەکات کۆبوونەوەکەی ڕۆژی هەینی نێوان تورکیا و ئێران و ڕوسیا یەکلاککەرەوە بێت.

وتیشی " ئەگەر ئەو قسانەی گوێمان لێ دەبێت ڕاست بن، سەبارەت بەوەی کە پلانێک هەیە بۆ دەستکردن بە هێرشەکان و زیادکردنی گرژییە سەربازییەکان لە 10 ی مانگی نۆدا، ئەوا کات زۆر گرنگە."

دی میستۆرا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە دەڵێت پەیوەندییەکی تەلەفونی نێوان سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن و سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان جیاوازییەکی زۆر دروست دەکات.

وتیشی " داوا دەکەین کاتی زیاتر بدرێت بە دانوستانە تایبەتییەکانی نێوان ڕوسیا و تورکیا کە هەردووکیان بەرژەوەندیی سەرەکیان هەیە لە ناوچەکەدا و دانوستان ئەنجام دەدەن. بەپێی ئەوەی کە دەیبینم ئەو دوو وڵاتە کلیلی چارەسەرەکانیان پێیە."

هەروەها دی میستۆرا داوای ڕێڕەوێکی پارێزراوی کرد بۆ هێنانە دەرەوەی دانیشتوانی ئیدلب بە هاوەڵی تیمەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG